"نیوەی موچەکەمان دەدەنێ و دوو مانگیشە وەرمان نەگرتووە"
کارمەندانی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی نەسڕ لە کەرکوک گردبوونەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
کارمەندانی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی نەسڕ لە کەرکوک دژی دواکەوتن و بڕینی موچەکانیان گردبوونەوە.
شەیما وەهاب یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “بە گرێبەست کاردەکەین و ماوەی 18 ساڵ خزمەتم هەیە، موچەکەمان بەپێی گرێبەستەکەمان 300 هەزار دینارە، لەو پارەیەش 150 هەزار دینارمان پێدەدەن، ئەویش دوو مانگە وەرمان نەگرتووە”.
“لەو 150 هەزار دینارە، 120 هەزار دیناری دەدەم بە کرێ تەکسی و تەنیا 30 هەزار دینارم بۆ دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەش باوکم جەڵتە لێیداوە و توانای کارکردنی نییە و دەبێ خزمەتی ئەویش بکەم”، شەیما وەهاب وای وت.
ئیدارەی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی نەسڕ بە 964ـی وت، ئەو کارمەندانە مافی خۆیانە و غەدرێکی زۆریان لێ دەکرێت، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە و کێشەکەیان چارەسەر بکات.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری