داهێنانێک لە رواندز
پەنجەوانەیەک قسەی دڵی ئەو کەسانە دەکات ناتوانن قسە بکەن
+964
ئاکام غەفور-سۆران
سێ خوێندکاری پەیمانگای تایبەتی رواندز، پەنجەوانەیەکیان دروست کردووە بۆ ئەو کەسانەی، کە ناتوانن قسە بکەن، پەنجەوانەکە دەبێتە زمانحاڵیان، لە رێگای جوڵاندنی پەنجەکان هەر شتێک کە بۆی دیاریکراوە، دەیکاتەوە بە قسە.
چنور قادر، خاوەنی بیرۆکەكەیە لەگەڵ هاوڕێیەكانی، بۆ 964 وتی، پرۆژەکە تایبەتە بەو کەسانەی ناتوانن قسە بکەن، لە رێگای جوڵاندنی پێنج پەنجەی دەست قسە دەکات، بە شێوەیەکە کە دەتوانێت هەر پەنجەیەک قسەیەکی بۆ دیاری بکەین کە لە کاتی جوڵاندنی بیکات.
وەک ئەو خوێندکارە باسی دەکات، بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشن و توانای قسەیان نەبێت، ئامێرەكە زۆر بەسوودە، دەتوانێت پێوانەی لێدانی دڵیشی پێ بکرێت، کەسی بەرامبەر بە ئاسانی دەتوانێت تێبگات لە داواکاری ئەو کەسەی ناتوانێت قسە بکات.
نمایشكردنی ئامێرەكە ئەمڕۆ سێشەممە 15.4.2025 لە پەیمانگەی تایبەتی رواندز بوو، كە فێستیڤاڵێكی بۆ داهێنانی خوێندكارەكانی بەشی تەكنەلۆجیا و زانیاری ئەنجامداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا