کێشەکە لە کوێدایە؟

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ 964: هەڵەبجە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بێبەش دەبێت

964+
محەمەد فاتیح

دوابەدوای دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵوێستی خۆی خستەڕوو سەبارەت بە پێداویستییەكانی هەڵەبجە وەک فەرمانگەیەكی هەڵبژاردنی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانى عێراقدا.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ 964 باسی لە پێداویستییەكانی هەڵەبجە كرد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و وتی: بابەتی پەسەندکردنی هەڵەبجە وەک فەرمانگەیەكی هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگا نوێیە هەیە.
هێشتا زووە باسی بەشداریكردنی هەڵەبجە بكەین لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، چونكە ئەم یاسایە دەبێت لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە پەسەند بکرێت و دواتر لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە، پاشان فەرمانی کۆماری بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و دیاریکردنی سنوورە ئیدارییەکانی دەربكرێت و هەروەها دەبێت فەرمانگەی ناوخۆیی بۆ بكرێتەوە، لەوانە نووسینگەی هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی ژمارەی كورسییەكانی ئەم پارێزگایە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی، جومانە غەلای واى وت.

ئەو پێی وایە ناكرێت و ناتوانن زەمینەسازی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بكەن، تا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بكات.

دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند کرد و شارەکە بووە 19مین پارێزگای عێراق.

"ترسێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە له‌ئارادایە"