ئاو و ئاوەڕۆ و چاککردنی رێگاکان لەخۆدەگرێت
چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە دەربەندیخان و پێنجوێن جێبەجێ كران
964+
محەمەد فاتح
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پڕۆژەى دروستکردنى ئاوەڕۆى چەند شەقامێک لە قەزای دەربەندیخان چووە بوارى جێبەجێکردنەوە و تێکەڵەڕێژکردن و چاککردنى گەڕەکەکانى پێنجوێنيش بەردەوامە.
پرۆژەى دروستکردنى ئاوەڕۆى باراناوى چەند شەقامێکى ناوەندى دەربەندیخان چووە بوارى جێبەجێکردنەوە و پڕۆژەکە ڕاستەوخۆ لەسەر بودجەى سەرۆکایەتى شارەوانى دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت و جگە لە دروستکردنى چەند ئاوەڕۆیەکى نوێ، لەهەمانکاتدا چاککردنى چەند ئاوەڕۆیەکى کۆن و دروستکردنى چەند مەنهۆڵێکى نوێ لەخۆدەگرێت، بەمەبەستی بونیادنانى ژێرخانێکى ئاوەڕۆى سەردەمیانە کە گرفتى کۆبوونەوەى ئاو لە وەرزە باراناوییەکاندا چارەسەر بکات.
لە قەزای پێنجوێنیش تێکەڵەڕێژکردن و ڕێککردنەوەى شەقامى کۆمەڵێک گەڕەکى قەزاکە بەردەوامە، کە بەهۆى کەشى سەختى زستان و بەفر و بارانبارینەوە تێکچوون.
هەڵمەتەکە، رێککردنەوە و رێگاسازى شەقامە سەرەکییەکانى گەڕەکى (کانى گۆیژ و گەڕەکى بویان)ى لە خۆگرت و هەڵمەتەکان لەپێناو خزمەتکردنى هاوڵاتیانى قەزاکە بەردەوامى هەیە.
رەزامەندی بۆ چوار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە پێنجوێن دەرکراوە
