نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن - وێنە: 964
بەڕێوەبەری گشتی: بۆیان دەنێرین
پێنجوێن ساڵێکی بەبێ پزیشکی چاو بەڕێ کرد
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
ساڵێکە نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن پزیشکی پسپۆڕی چاوی نییە و هاوڵاتیانی قەزاکە دەچنە سلێمانی و سەیدسادق، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش دەڵێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆیان دەنێرن.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە نەخۆشخانەی پێنجوێن دەست 964کەوتووە، لە ساڵانی رابردوو کە پزیشکی چاو لە نەخۆشخانەی پێنجوێن هەبووە هەفتەی یەکجار دانیشتووە و لەو رۆژەدا، کەمترین ژمارەی هاوڵاتیان کە کاری مۆڵەتی شۆفێران هەبووە 50 کەس بووە.
هەر لەو رۆژەشدا، 40نەخۆشی تایبەتی چاویش بەڕێکراوە و بەکۆی گشتی هەفتانە 90 کەس “کەمترین ژمارە” لە پێنجوێندا پێوستیان بە پزیشکی چاو هەیە، بەوەش لە ساڵەکەدا کە پەنجاو دوو هەفتەیە، چوار هەزار و 680 کەس کە پێویستیان بە پزیشکی چاو هەبووە چونەتە دەرەوەی قەزاکە.
دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، دەرچووی پزیشکی لە پسپۆڕی چاو ژمارەیان زۆر کەمە و خۆشیان وەک تەندروستی پێویستییەکی زۆریان هەیە بۆ ئەو پسپۆڕییە.
وتیشی، ئەمساڵ یەک دەرچووی پزیشکی چاو هەیە و ئەویش دابین کراوە بۆ پێنجوێن و کتابەکەی لە وەزارەتی تەندروستییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا پسپۆری چاو دەنێردرێتە نەخۆشخانەی قەزاکە، پزیشکەکان ساڵانە دابەشدەکرێن بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکاندا و ناتواندرێت پزیشکێک بنێردرێتە جێگایەکی دیکە تەنها بەو دابەشکردنە نەبێت.
هاوکات پێشرەو غەریب، خاوەنی نۆرینگەی چاو لە پێنجوێن بە 964ی وت، ئەوان لە نۆرینگەکە دەتوانن چەند نەخۆشییەک دیاری بکەن وەک زەختی چاو و چاوکزی و ئەگەر بتوانن چارەسەری بکەن دەرمانیان پێدەدەن و ئەگەریش نا ئەوا نەخۆشەکان دەبێت بچنە سلێمانی یاخود سەیدسادق و نەخۆشەکانی پێنجوێنیش بەزۆری دەچنە سلێمانی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا