غازەکەی سۆران بەشی سەرماکەی ناکات

کەمی غاز تەنگی بە هاوڵاتییانی سۆران هەڵچنیوە

میدیازان – ئاسۆ وەرتی – سۆران

+ڤیدیۆ

لە سۆران نرخی بوتڵێک غاز بووە بە ٩ هەزار و ٥٠٠ دینار و ئۆتۆمبێلی غاز فرۆش ٤٥ رۆژ جارێک دەچێتە گەڕەکەکان، خەڵک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان ناچار دەچن لە بازاڕ بوتڵێک بە ١٣ هەزار دینار پڕ دەکەنەوە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما لە سۆران خواست لەسەر غاز زیاتر بووە، دانیشتووانەکەی دەڵێن بوتڵێت غاز بەشی ٥ بۆ ١٠ رۆژیان دەکات و ئەگەر چاوەڕێکی غازە حکومییەکە بکەن دەبێت مانگێک زیاتر بەبێ غاز بەڕێ بکەن.

“بتڵێت غاز بەشی ٥ بۆ ١٠ رۆژدەكات”

هیوا ئەحمەد کە دانیشتوی سۆرانە بە میدیازانی وت، “کۆبۆنیان دانا هەر وەرمان نەگرت، ئێستا لەبازاڕ نرخی بازرگانی هەیە، هەردووکیان یەک واتایە، هەربارگرانیە بۆهاوڵاتی، لەپاڵ گرانیشدا خراپی کوالیتیەکەیە، زۆربەی بوتڵەکان پێنج رۆژە تا دە رۆژ ئیش دەکات “

هاوڵاتییان گلەیی ئەوە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە کاتی دیاریکراودا غاز دابەش ناکرێت بەڵام کاتێکش دێت بە یەکسانی بەسەر گەڕەکەکاندا دابەش ناکرێت.

لە سەنتەری قەزای سۆران نزیکەی ٣٨ هەزار و ٨٠٠ خێزان هەیە، بۆ ئەوەی مانگانە هەر خێزانێك ٢ بوتڵ غاز وەربگرێ پێویستیان بە ٧٧ هەزار و ٦٠٠ بوتڵ غاز هەیە، بەڵام حكومەت  مانگانە ٢٠ تانكەر غاز بۆ سۆران دابین دەكات كە دەكاتە ٥٠ هەزار بوتڵ غاز لە مانگێكدا.

“پێشتر نرخی بوتڵێک غاز لە سنووری ئیداری سۆران ٧ هەزار دینار تا ٧ هەزار و ٥٠٠ دینار بوو.”

ئیدارەی سۆران ناوچەیەکی شاخاویە بۆیە هاوڵاتیان زیاتر پێویستان بە ئامرازەکانی گەرمکردنەوە دەبێت.

هاوڵاتی هادی فازل دەڵێت، “سۆران کە ناوچەیەکی ساردە و ناوچەیەکی شاخاوییه، بڕیار بوو لە ماوەی یەک مانگدا دووجار غاز لە سۆران دابەش بکرێت بەکۆبۆن، بەڵام ئێمە تاوەکو ئێستا جارێکیش وەرمان نەگرتووە، دەبێ بچین به بازرگانی بیکڕین نرخی زیاترە.”

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای ھەولێر، کە لە ٣ ناحیەی دیانا، خەلیفان، سیدەکان پێکدێت و ٣٦ گەڕەک و ٣٤٦ گوند دەگرێتەوە. سۆران دەکەوێتە دەشتێکەوە کە بەچیاکانی زۆزک لە باکور و کۆڕەک لەباشوور و ھەندرێن لە رۆژھەڵات و برادۆست لە رۆژئاوا دەورەدراوە.