قەدەغە وەرزی هۆکارە
ماسیی حەوزەکانی تەقتەق نرخیان فڕیوە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بەهۆی بڕیاری قەدەغەی چەند مانگەی راوە ماسی لە هەرێمی کوردستان، لەم وەرزە خواستێکی زۆر لەسەر ماسیی حەوزەکانی تەقتەق دروست بووە، تا دێت نرخەکەی بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەچێ.
بەشێک لە خاوەن حەوزەکان پێشبینی ئەوە دەکەن، یەک کیلۆی بگات بە نزیکەی 10 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێش وەزری قەدەغەکردن بە چوار هەزار دینار فرۆشراوە.
هۆکارێکی تری گرانبوونی ماسی لە تەقتەق هاوردەنەکردنی ماسییە لە وڵاتی ئێرانەوە، کە ئەوەش وا دەکات رێژەی ماسییەکانی حەوز کەمبێتەوە و نرخیان بەرز ببێتەوە.
زوبێر سەمیر، کە خاوەنی حەوزی ماسییە لە سنووری قەزای تەقتەق بە 964ـی وت، بەهۆی قەدەغەی رەوا ماسی و زۆربوونی خواست لەسەر ماسی و هاوردەنەکردنی ماسی لە رێگەی ئێرانەوە رێژەی ماسی کەمە و ئەمەش وا دەکات لەمەودوا نرخەکەی گران بێت و بەرزبێتەوە، کە لە ئێستا بۆ هەر کیلۆیەک ماسی لەسەر حەوز نرخەکەی دەگاتە هەشت هەزار دینار، ماوەیەکی تریش ئەو نرخە بەرزتریش دەبێتەوە و دەگاتە نزیکەی 10 هەزار دینار.
هاوڵاتییەک بیەوێت کیلۆیەک ماسی بکڕێت ناتوانێت لە حەوزەکانەوە بیکڕێت، پێویست دەکات لە دوکانی ماسی بیکڕێت بە گرانتر، کە جیاوازییەکەی زۆرجار دەگاتە دوو هەزار و 500 دینار بەراورد بە ماسی حەوز، ئەگەر بە برژاویش بێت زیاتر لە چوار هەزار دیناری دەچێتە سەر، واتا ئەگەر کەسێک بیەوێت یەک کیلۆ ماسیی برژاو بخوات نزیکەی 12 هەزار دینار دەکەوێت.
نزمترین نرخی ماسیی حەوز دەکەوێتە وەرزی پایز و سەرەتای بەهار، بەهۆی زۆربوونی نەخۆشی لە ماسییەکاندا و هاوردەی ماسی لە رێگەی ئێرانەوە کە زۆرجار نرخی یەک کیلۆی سەر حەوز بگاتە چوار هەزار و 500 دینار.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا