"پێشتر پارەی کاش لە مەرزەکانەوە نەبراوەتە دەرەوە"

بردنە دەرەوەی دۆلار لەمەرزەکان قەدەغەکرا

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

حکومەتی عێراق بە نووسراوێک بردنەدەرەوەی پارەی کاش لە سەرجەم مەرزەکانی عێراق و هەرێم قەدەغە دەکات. بەرپرسی مەرزی باشماخ دەڵێت پێشتریش پارەی کاش نەچووەتە دەرەوە تەنیا هی گەشتیار نەبێت.

لەچوارچێوەی کۆنتڕۆڵکردنی دۆلار و رێگەگرتن لە چوونە دەرەوەی، حکومەتی عێراق سەرجەم مەرزەکانی ئاگادار کردۆتەوە بردنە دەرەوەی دۆلار بە شێوەی کاش قەدەغەیە.

شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە تۆڕی964ی راگەیاند: پێشتریش پارەی کاش لە مەرزەکانی هەرێمەوە نەچووەتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر نووسراوەکە مەبەستی پارەی گەشتیار بێت ئەوەیان شتێکی ترە.

دەشڵێت: نووسراوەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەگەڵ نییە و بۆ هەموو مەرزەکانی هەرێم هاتووە، تەنیا ئەوەندەیە دەڵێ بردنی پارەی کاش بۆ دەرەوە قەدەغەیە.

رێکارەکانی حکومەتی عێراق بۆ رێگەگرتن لە چوونە دەرەوەی دۆلار نرخی ئەو دراوەی لە هەرێم بەرز کردووەتەوە.

بە وتەی شاخەوان بەکر، پێشتر هەر گەشتیارێک بۆی هەبوو تا دە هەزار دۆلار لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، وتی “دەبێت روونکردنەوەی زیاترمان بۆ بنێردرێت تا بزانین رێگری لە کام پارەی کاشە بکەین”.

تۆڕی964 زۆر هەوڵیدا بەرپرسانی مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل لەبارەی ئەو پرسە قسە بکەن، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11.2.2023، مەرزی ئیبراهیم خەلیل، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە دەستکراوە بەجێبەجێکردنی رێنماییە تازەکانی تایبەت بە گواستنەوەی پارەی کاش و لەمەبەدوا گواستنەوەی پارەی کاش لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات رادەگیرێت.