لە سنووری سیدەکان بازگەیان داناوە
“سوپای تورکیا رێگری لە گوندنشینان دەکات بۆ گیای بەهارە بچنە کوێستانەکان”
964+
شۆڕش قادری
وەزری بەهارە و گوندنشینان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا روودەکەنە کوێستانەکان، بەڵام لە ناوچەی برادۆست، بەقسەی ئەندامێکی رێکخراوى (CPT)ـى ئەمریکی، سوپای تورکیا بازگەی داناوە و نایەڵێت، گوندنشیانی دەڤەرەکە مەنفەعەت لەو نێعمەتە سروشتی و خوداییە ببینن.
کامەران عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)ـى ئەمریکی بە 964ـی وت، “لە رۆژی 31ـی ئازاردا، گوندنشینانی شارەدێی بەرمیزە لە قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە روویان کردە چیای ئاودەل کێوی و مێرگی سەرچەمان، لەسەر رێگای گوندنشینەکان سوپای تورکیا بازگەیەکی جێگیرکردووە و دوای وەرگرتنی ناسنامە و کارتی نیشتیمانی لێیان، رێگەیان بە گوندنشیناندا کە بچن بۆ کردنەوەی گژوگیا، لە سنورێکدا کە سەربازەکان بۆیان دیاریکردبوون و بەو مەرجەی کە وێنە و ڤیدیۆی ناوچەکە نەگرن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی گەڕانەوەیاندا، سەربازانی سوپای تورکیا بە گوندنشینانیان وتووە، کە تاوەکو رۆژی 7ـی نیسان مۆڵەت بە هیچ کەسێک نادەن بچنە ئەو شوێنە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا و لەو رۆژەشدا تەنیا لە کاتژمێر 6ـی بەیانی تا 4ـی دوانیوەڕۆ رێگەپێدان هەیە.
گوندنشینان بەڕێگاوەبوون بۆ مێرگی سەرچەمان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا، سەربازانی تورک لە بازگەکەیان رێگەیان لێگرتن و رێگەیان نەدا کە گوندنشینان تێپەڕببن
بەقسەی کامەران عوسمان، “کاتێک ئەمڕۆ دووشەممە 7.4.2025 گوندنشینان بەڕێگاوەبوون بۆ مێرگی سەرچەمان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە، سەربازانی تورک لە بازگەکەیان، رێگەیان لێگرتن و رێگەیان نەدا کە گوندنشینان تێپەڕببن”.
باسی لەوەشکرد، شارەدێی بەرمیزە، یەکەم شوێنە کە سوپای تورکیا لە دوای شکستی پڕۆسەی ئاشتی ساڵی 2015، بارەگای سەربازی تێدا دروستکردبێت.