35 هه‌زار و 506 مامۆستای وانەبێژ هەن
له‌چوار ساڵدا 20 هه‌زار وانه‌بێژ له هه‌رێم زیادیان کردووه
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له‌چوار ساڵى رابردوودا، نزیكه‌ى 20 هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژ بۆ وەزارەتی په‌ر‌وه‌رده زیادیان كردووە، نوێنه‌ری وانه‌بێژانیش ده‌ڵێ: سێ جۆر مامۆستا لەناو وەزارەتی پەروەردەدا ھەن.
عەلی رەئوف مستەفا، نوێنەری گشتی وانەبێژانى هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكیدا، كه له په‌ڕه‌ى فه‌رمى فه‌یسبووكه‌كه‌یان بڵاویكردۆته‌وه، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، كه ڪابینەی 9ـی حڪومەتی ھەرێمی ڪوردستان لە 12.6.2019 دەستبەڪاربووە، ئەوڪات زیاد لە 16 هەزار مامۆستای وانەبێژ بوو، به‌ڵام له‌ئێستادا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ بووە بە 35 هه‌زار و 506 مامۆستای وانەبێژ.
عه‌لى ره‌ئوف، گله‌یی ئه‌وه‌ى هه‌یه كه تائێستا یەك وانەبێژ دانەمەزراوە، ده‌شڵێت: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، ھۆشداریمان داوه‌ته سەرۆڪایەتییه‌كانی حكومه‌ت و پەرلەمان و وەزارەته‌كانی پەروەردە و دارایی لەزیاد بوونی مامۆستای وانەبێژ.
“لەھیچ وڵاتێڪی دونیادا نییە سێ جۆر مامۆستا لەناو وەزارەتی پەروەردە دا ھەبێت، مامۆستای میلاك، مامۆستای گرێبەست و مامۆستای وانەبێژ”. عەلی رەئوف وای وت.
لای خۆیه‌وه عومەر محەمەد ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی به تۆڕی964ـی وت “دوای چه‌ند ساڵێك هه‌وڵدان، دواجار حكومەتی هه‌رێم بڕیاریدا 600 مامۆستای دەرچووی کۆلیژی پەروەردە بە وانەبێژ بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابمەزرێنێت”.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی964، لەو 600 مامۆستایەی بڕیاری دامەزراندنی دراوە، 140ـیان بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و رانیەیە.