بەڵام پێویستی بە دیواری راگرە

رێگای بلکیان پاککرایەوە و مەترسی لەسەر نییە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

لەگەڵ بارینی بارانی بەخوڕ رێگەی سەیرانگەی بلکیان دەبێتە قوڕ و زۆرجار ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست دەکات، سەرۆکی شارەوانیی پێنجوێنیش دەڵێت، پێویستی بە دیواری راگر هەیە، بەڵام بودجەی پێویست بەردەست نییە بۆ دروستکردنی.

رەئوف رەشید، سەرۆکی شارەوانیی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 6.4.2025 رێگەی سەیرانگەی بلکیانیان پاککردووەتەوە لە باراناو و قوڕی سەر شەقامەکە.

وتیشی، ئەو لاپاڵەی لە شەقامەکە هەیە کاتی خۆی بڕاوە، بەهۆیەوە کاتێک بارانی بەخوڕ دەبارێت دێتە خوارەوە، هەندێک جار بەشێکی شەقامەکە و جاری واش هەیە تەواوی شەقامەکە دەگرێت و ئاستەنگ بۆ شۆفێران دروستدەکات.

باسی لەوەش کرد، شەقامەکە مەترسی رۆچوون و رووخانی نییە، بەڵام دەبێت دیواری راگری بۆ بکرێت و ئەوەش بودجەیەکی زۆری دەوێت کە بەردەست نییە.

ساڵی رابردوو بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، دووجار رێگای سەیرانگاکە بە تەواوی گیراوە و دواتر پاککراوەتەوە، لە کاتی بارانی بەخوڕیش ئەگەر رێگاکە نەگرێت ئەوا لە بەشێکی ئاستەنگ دروست دەکات و بەشێکی زۆری قوڕیش لەسەر شەقامەکە دەمێنێتەوە.

سەیرانگای بلکیان دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی قەزای پێنجوێن و جێگایەکی بچووکە و زیاتر گەنجان رووی تێدەکەن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

خۆڵ و خاشاکەکەی گۆڵی پاککرایەوە و حاویەشی بۆ دێت

خۆڵ و خاشاکەکەی گۆڵی پاککرایەوە و حاویەشی بۆ دێت