دیمەنی دوکانێکی سوتاوی بازاڕی دارەسوتاوەکە لە سلێمانی- وێنە: 964+
سەروو یەک ملیار دینار زیانى هەبووە
964 وردەکارى قەرەبووکردنەوەى دوکاندارانى بازاڕى دارەسووتاوەکە روون دەکاتەوە
964+
وریا فەتاح
نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت رایگەیاند، لەسەر ئەرکى سکرتارییەتى مام جەلال بڕیاریانداوە بە قەرەبووکردنەوەى سەرجەم دوکاندارانى بازاڕى دارەسووتاوەکە.
سەرلەبەیانى دوێنێ، بەهۆى ئاگرێکەوە 116 دوکانى بازاڕى دارەسووتاوەکەى سلێمانى، سووتان.
عەتا محەمەد، وەک نوێنەرى قوباد تاڵەبانى بە 964ـى وت،”لەسەر راسپاردەى قوباد تاڵەبانى وەک سکرتارییەتى مام جەلال بڕیاریانداوە بە قەرەبووکردنەوەى سەرجەم خاوەن دوکانەکان”.
وەک باسى دەکات، بەپێى ئەو خەمڵاندنە وردەى بەرگرى شارستانى کردویەتى، 116 دوکان و چوار عەرەبانەى خواردنى خێرا، سووتاون و زیانەکان بە سەروو یەک ملیار دینار، خەمڵێندراون، لەسەر بنەماى ئەو خەمڵاندنە وردە، دوکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە.
لەبارەى چۆنییەتى قەرەبووکردنەوەکە، عەتا محەمەد وتى،”لیژنەکە لە راپۆرتەکەیدا بە وردى راپۆرتى زیانەکانى دوکانەکەو کەلوپەلەکانى ناوى کردووە و بەپێى ئەوە قەرەبووى تەواوەتیان دەکرێتەوە”.
“قەرەبووەکە لە 500 هەزارەوە دەستپێدەکات تا 70 ملیۆن و 80 ملیۆن، ئەوەش بەپێى قەبارەى زەرەرو زیانەکانى هەر دوکانێک”، عەتا محەمەد واى وت.
ئاشکراشى کرد، لەماوەى یەک هەفتەدا پارەکەیان بە نەقدى پێدەدرێت و لە سبەینێشەوە شارەوانى و بەرگرى شارستانى بازاڕەکە پاکردەکەنەوە و دواتر بەسەرپەرشتى شارەوانى و هاوکارى دوکانداران بە دیزاینێک بازاڕ و دوکانەکان نۆژەن دەکرێتەوە.
کەسێک لەسەر ئاگرەکەی دارەسووتاوەکە دەستگیرا