سەندیکای کرێکاران پشتیوانی لە داواکارییەکانیان دەکات
کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی ماس لە سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی ماس لە سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند و سەرۆکی سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت، پشتیوانی لە داواکانیان دەکەن.
عوسمان زیدانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی بە 964ـی وت، “زیاتر لە دوو ساڵە نوسراومان کردووە بۆ کارگەی چیمەنتۆی ماس لە بازیان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی نوێنەری کرێکاران بکرێت، بەڵام جارێک وەڵامیان داوەتەوە کە رێگە نادەن هەڵبژاردن بکرێت و جارێکیش دەڵێن، دەبێت لە دەرەوەی کارگەکە هەڵبژاردن بکرێت و ئەوەش یاسایی نییە”.
وتیشی کرێکارانی کارگەکە هەندێک داواکاریان هەیە لەوانەش داوا دەکەن، ساڵانە موچەیەکیان وەک پاداشت یا زیادەکاری بۆ خەرج بکرێت و مانگانە پارەی خواردنیان لە 150 هەزار دینار کەمتر نەبێ یان خواردنیان لە کارگەکە بۆ دابین بکرێت، تا ئێستاش ئەو داواکاریانەیان بۆ جێبەجێ نەکراوە، بۆیە مانگرتنیان راگەیاندووە.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی وتیشی، پشتگیری لە مانگرتنی ئەو کرێکارانە دەکەن و داوایش لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم و داواکاری گشتی سلێمانی دەکەن، لەسەر ئەو بابەتە بێنەسەر خەت و کێشەکە چارەسەر بکەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری