شاخەوانەکانی رێگای بەفر

+964

دیلان محەمەد -سلێمانی

بەیانیەکی زووی رۆژی پێنجشەممەیە، کاتژمێر حەوتی بەیانییە و گزنگی خۆر لە قەدپاڵی گۆیژە و ئەزمەڕ دەدات، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزیوە، سلێمانی خۆی بۆ رۆژێکی نوێ ئامادە دەکات، بەڵام هێشتا شەقامەکانی چوڵن.

گروپی شاخەوانی ماردین، خۆیان ئامادەکردوە بەپێ بەسەر شاخی گۆیژە سەرکەون، ئەوان بە نزیکی 40 کەس دەبن، تەمەنی هەندێکیان 70 ساڵ دەبێت، تیمی 964 هاوڕێی هانگاوەکانی ئەو گروپەیە.

دڵشاد مەحمود، سەرپەرشتیاری گروپەکەیە، دەڵێت، گروپەکەیان زیاتر کەسانی بە تەمەنن، هەیانە تەمەنی نزیکی حەفتا ساڵە، ئەوان تەندروستیان باشە و چوار وەرزی ساڵ شاخەوانی دەکەن، بەتایبەت کەشی بەفربارین لە دەست خۆیان نادەن.

گروپەکە هەموو هەفتەیەک وەرزشی شاخەوانی ئەنجامدەدەن، زوو زوو ئەندامەکانیان، پشکنینی پزیشکی دەکەن، جەمیل عەبدولکەریم کارمەندی تەندروستیە و ئەندامی گروپەکەیە، پێداویستیە پزیشکیەکانی لە پشتەکۆڵەکەی هەڵگرتوە، دەڵێت لەهەر روداوێک بەخێرایی پشکنین بۆ ئەندامەکانیان دەکەن، جگە لەوە پشکنینی ساڵانەشیان هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە توانای ئەندامەکانیان.

وەرزشی شاخەوانی، لە کەشی بەفرباریندا بەتەواوی جیاوازە، ئەوان جگە لەوەرزش دەیانەوێت چیژ لە دیمەنی سپی پۆشبوونی دار و بەردی ئەو ئەو ناوە وەربگرن، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانانەی لەرێگا رووبەڕوویان دەبێتەوە

واحید حەمید ماوەی چوار ساڵە لەگەڵ گروپی ماردین شاخەوانی دەکات، ئەو چوست و وریا بەو شاخە هەڵدەزنا، دەیوت بەر لە ئەنجامدانی شاخەوانی لەشێکی سستی هەبووە، بەڵام ئێستا دەتوانێت تواناکانی خۆی لەنێو بەفردا ببینێت.

ساڵانێکە وەرزشی شاخەوانی، لە هەرێمی کوردستان برەوی هەیە و چەندین گروپ هەفتانە گەشتی شاخەوانی رێکدەخەن.

پێداچوونەوەی، فەهمی نەبی