بازاڕی لەنگەی هەولێر
شارەوانی خەریكی چییە؟
لەنگەی هەولێر لە ئێستاوە خۆی لە كەوتنەوەی ئاگر دەپارێزێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندی کاسبکاران و دوورکەوتنەوە لە کەوتنەوەی ئاگر لە گەرمای وەرزی هاویندا، پەردەی بەردەم دوکانەکان لادەدرێت.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ شەممە 5.4.2025 بڵاویكردەوە، دوای بەدوای سەردان و بەدواداچوونی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بۆ بازاڕی لەنگە، شەوی رابردوو لەلایەن تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی چوار و بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی هەڵسان بە رێکخستنەوەی بازاڕی لەنگەی کۆن و لابردنی پەردەی دوکاندارەکان و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە بازاڕەکە .
ئاماژە بەوەش كراوە، گشت کاسبکاران و خاوەن دوکاندارەکان ئاگادار کرانەوە لە نەهێشتنی شتومەکەکانیان لە دەرەوە لە کاتی داخستنی بازاڕەکە و بردنە ژوورەوەیان لە شەواندا .
بازاڕی لەنگەی هەولێر چەند جارێك سووتاوە، دواجاریان لە شوباتی ساڵی رابردوو بوو، كە 166 دوكان سووتان و دواتریش دەركەوت گرووپێك لە پشت سووتاندنی بازاڕەكەوە بووە.
ئەم هەوڵەی بازاڕی لەنگە و شارەوانیی هەولێر لە كاتێكدایە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بازاڕی دارەسووتاوەكە لە سلێمانی سووتا و زیانێكی زۆر بەر كاسبكارانی بازاڕەكە كەوت.