کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
گەنەڵ ئینێرجی دۆڕا
حکومەتی هەرێم دۆسیەیەکی لە دادگا بردەوە و 26 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت
964+
ژووری هەواڵ
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی دۆسیەیەکی لە دادگای ناوبژیوانی لەندەن دۆڕاندووە و دەڵێت، بە گوێرەی بڕیاری دادگا دەبێت بڕی زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بۆ پەرەپێدانی دوو کێڵگەی نەوتی.
کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەهۆی ئەوەی پابەند نەبووە بە تەواوکردنی کارەکانی پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەى میران و بنەباوێ لە کاتی خۆیدا، حکومەتى هەرێمى کوردستان سکاڵای لە دژی تۆمار کردووە و داواى 36 ملیۆن دۆلار قەرەبووى دارایی لێ کردووە، بەڵام گوێرەى بڕیارەکەى دادگا دەبێت 26 ملیۆن و 826 هەزار و 905 دۆلار وەک قەرەبوو بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات.
بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی لەندەن، کۆمپانیاى گەنەڵ ئینێرجیی نەرویجی دەبێت پابەند بێت بە پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە هەرێم لە وادەی خۆیدا و ئەگەر هەر مانگێک لە دانەوەی قەرەبووەکە دوابکەوێت، ئەوا بڕی قەرەبووەکە 2% بەراورد بە مانگی پێشتر زیاد دەکات.
کێڵگەی میران لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەڵکەوتووە و دەکەوێتە نزیک تاسڵوجە، کێڵگەی بنەباوێش لە نزیک شارەدێى تەقتەقە و لە سنووری پارێزگای هەولێر.
ئەم کێشەیە لەدوای ئەوە سەریهەڵدا، ساڵی 2021 کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی نەیتوانی گرێبەستەکانی بۆ پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی میران و بنەباوێ جێبەجێ بکات و حکومەتی هەرێمیش بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە و پەنای بۆ دادگای ناوبژیوانی لەندەن برد.