فەرمانگەی ئاوی شارەزوور: ئاوی پێویستمان نییە

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

فەرمانگەی ئاوی شارەزوور پلانی وایە، لەم وەرزەدا زۆرترین رێژەی ئاو کۆگا بکات و ھەر لەئێستاوە دەستی بە چاکسازی کردووە لە تۆڕەکانیدا، بەرێوەبەری فەرمانگەکەش دەڵێت، “ئاوی پێویستمان نییە”.

فەرمانگەکە پشت بە کانیاوەکانی ئاوی بێستانسوور و بیرە دەستکردەکان دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی ئاوی خواردنەوەی ھەریەک لە (قەزای شارەزوور، ناحیەی زەڕایەن، ناحیەی عەربەت و کۆمەڵگە و گوندەکانی سنورەکەی) کە 200 هەزار دانیشتووی ئاوی رۆژانەیان لەلایەن ئەو فەرمانگەیەوە دابین دەکرێت، جگە لە بەردانەوەی ئاو بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان.

رەمەزان عارف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شارەزوور ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی 964ی وت، “چەند رۆژێکە دەستمان بە چاکسازی لە تۆڕ و ماتۆڕ و بۆرییەکانی کۆگاکەدا دەستپێکردووە، بەڵام رێژەی ئاوی پێویستمان نییە و سەرچاوەکانمان نەبوژاونەتەوە، ئەمەش ترسی لە لا دروست کردوین”.

“وشکەساڵی پار دۆخی سەخت کردبووین، ئێستا کە دەستمانکردووە بە چاکسازی لە تۆڕەکاندا پلانمان وایە ئاو کۆگا بکەین، بۆ ئەمەش ناچارین بەشێکی کەم لە ئاو گلبدەینەوە بۆ برا جوتیارەکانمان کە ساڵی رابردوو کشتوکاڵی بەراو و مەرەزەیان نەکرد، بەڵام ئەمساڵ ناچارین خەمێک لەوانیش بخۆین سەرەرای دابینکردنی ئاوی خواردنەوە” رەمەزان عارف وای وت.

بە وتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شارەزوور، ئێستا ئەوان بۆ کۆگاکردنی ئاو پشت بە سەرچاوەی ئاوی کانیا و بیرەکانی گوندی بێستانسوور و سەرچاوەی سیاشە دەبەستن، دەشڵێت، “ئاوی قەزای شارەزوور بەرێژەی %100، ئاوی ناحیەی زەڕایەن بە رێژەی %90 و ئاوی ناحیەی عەربەت بەرێژەی %100 لەو سەرچاوانەوە ئاویان بۆ دابیندەکرێت، کە ئێستا رێژەی ئاویان وەک پێویست نییە”.

فەرمانگەکە پلانی وایە ئاوی باران و بەفر ئەو بۆشاییەی لە کەمی ئاو بۆی دروستبووە بەدەستی بھێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیازیان بۆ فەرمانگەکانی دابەشکردنی ئاو کردووە، پلانی لێدان بۆ بیری حکومی دابڕێژنەوە.