تا سبەی شەو لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت

ئەم ئێوارەیە باران دەستپێدەکات

964+

ژێوار خدر

ئەگەر لە سەفرە و سەیران هەوڵبدەن ئێوارە زوو بگەڕێنەوە، چونکە باران و هەورە گرمە جەوەکەتان لێتێکدەدەن

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی 4.4.2025 ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و لەشەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.

لە ئێوارەشدا نمە باران و بارانی مامناوەند لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە دەست پێدەكات و دواتریش كاریگەریەكەی زیاد دەكات و لە درەنگانی شەو باران بارین لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم دەستپێدەکات، لەوانەیە ماوە ماوە لێزمە باران بێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا بێت و پلەکانی گەرماش كەمێك بەرزتر دەبێت بەراورد بە دوێنێ

سەبارەت بە سبەی شەممە، ئاسمان زۆربەی كاتەكان هەور و باراناوی دەبێت، لە زۆربەی ناوچەكان  باران دەبارێت جار جار بەشێوەی لێزمە و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.

پێشبینی دەكرێت لە درەنگانی شەوی شەممە كەش سەقامگیر بێت و كاریگەری ئەو شەپۆڵە كۆتایی بێت،پلەکانی گەرماش بە نزیكەی دوو تا چوار پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە ئەمرۆ .

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 26 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 24 پلەی سیلیزی

دهۆک : 22 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 28 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 23 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 22 پلەی سیلیزی

سۆران : 20 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 13 پلەی سیلیزی

گەرمیان :26 پلەی سیلیزی

سالار حاجی عەلی، کە شارەزای  بواری کەشناسییە دەڵێت، سەرچاوەی ئەم شەپۆلە دوو  نزمە پاڵەپەستۆی چڕی دەریای سپی ناوەڕاست و لە دەریای سور دەبێت

سەرەتای هاتنی ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی ئەمڕۆ هەور دێتە ناوچەکە و لە پەڵە هەور دروست دەبێت دواتر، دەگۆڕێت بۆ هەوری تەنک و هەوری پڕی تەواو.

دەشڵێت، بەتێپەڕبوونی کات بارانی بەخۆر دەست پێ دەکات، هاوکات خێرایی بایش زیاد دەکات هەندێک جار لەگەڵ کاریگەری بەردەوامی ئەم شەپۆلە، بارانێکی زۆر و هەورە بروسکە و شەستەباران لە هەندێک ناوچە تەرزە دەبارێت لافاو لە هەندێک ناوچە دروست دەبێت و سبەی شەممە لە هەر پێنج شارەکەی هەرێمی کوردستان باران بەبڕی جیاواز  دەبارێت، هەروەها لە ناوچەکانی گەرمیان بارانی باش دەبارێت.