"لە وڵاتانی دیکە کەمترە"

وەزیرى تەندروستى: لە 100 هەزار هاوڵاتی 150ـیان تووشی شێرپەنجە بوون

964+

ژووری هەواڵ

لە هەرێمى کوردستان لە هەر 100 هەزار هاوڵاتییەک 150 بۆ 151 کەسیان تووشبووى شێرپەنجەن، وەزیری تەندروستیش دەڵێت، بەراورد بە وڵاتانى دیکە رێژەکە کەمترە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.4.2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 100 هەزار هاوڵاتی 150ـیان تووشی شێرپەنجە بوون، بەراورد بە وڵاتانی دیکە کە لە 100 هەزار کە 190 توشبوو هەیە، ئامارەکە کەمترە.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، “بەهۆى زوو دەستنیشانکردنى نەخۆشى شێرپەنجە، رێژەى تێکڕاى تەمەن لە هەرێمى کوردستان زیادیکردووە”.

بە گوێرەی راپۆرتی ساڵانەی هۆبەی تۆماری شێرپەنجەی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2024، کۆی ژمارەی تووشبووانی نوێی شێرپەنجە بۆ ئەو ساڵە لە پارێزگای سلێمانی بریتی بووە لە سێ هەزار و 310 تووشبووی نوێ، کە 201ـیان لە تەمەنی منداڵیدان.

رێژەی 54.60%ـی تووشبووانی نەخۆشییەکە ئافرەتن و 45.40%ـیشیان لە رەگەزی نێرن.

لەبارەی تووشبووانی هەولێریش، پیسبوونی ژینگە قسەوباسی زۆری لەسەرە و بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێت بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان، ئێستاش ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە لەو شارەکە روو لە هەڵکشانە و رۆژانە 200 نەخۆشی شێرپەنجە، تەنیا لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەر وەردەگرن.

پێشتر، هەردی جەواد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بە 964ـی وت، “رۆژانە 200 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەمان چارەسەری کیمیاوی وەردەگرن و بەپێی ئامارەکانیش 30٪ـی نەخۆشەکان خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن”.

هەر بەپێى ئامارەکانى WHO، ساڵانە نزیکەی 400 هەزار منداڵ تووشی شێرپەنجە دەبن.

دوای مانگێک کۆمپانیایەک ئامێری قەستەرە لە نەخۆشخانەی ...

دوای مانگێک کۆمپانیایەک ئامێری قەستەرە لە نەخۆشخانەی شار چاکدەکاتەوە