"هەڵمەتەکە ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت"

لیژنەکانی تەندروستی خورماتوو هەڵمەتێکی پشکنینی گەڕۆکیان دەستیپێکرد

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

تیمەکانی تەندروستی خورماتوو هەڵمەتێکی تەندروستی گەڕۆکیان لەسنوری قەزاکە دەستپێکردوە و ئامانجیان ئەوەیە، کە ئەو هاوڵاتیانەی لەم چەند رۆژەی جەژندا و بەهۆی خواردن و خوادنەوەی زۆرەوە، دووچاری کێشەکانی تەندرۆستی بونەتەوە، پشكنین و چارەسەریان بۆ دەكەن.

مەحەمەد ئەکبەر، بەڕێوەبەری بنکەی گشتی تەندروستی دوزخورماتوو بە964ـی وت، لە دوێنێوە هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە بۆ ناو گەڕەک و کۆڵانەکانی قەزاکە، بەمەبەستی پشکنین و چارەسەری ئەو کەسانەی کە بەهۆی خواردن و خواردنەوەکانی جەژنەوە دووچاری کێشەکانی تەندروستی بوونەتەوە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە نەخۆشی زەخت وشەکرەیان لەگەڵە.

وتیشی، لەهەڵمەتەکەیاندا کە بۆ زیاتر لە 100کەس ئەنجامداوە، چارەسەری زیاتر لە50 کەسیان کردووە، بەهۆی ئەوەى لیژنەکانی تەندروستی ناتوانن فریای سەرجەم گەڕەکەکانی قەزاکە بکەون، بۆیە داواکارن هەر کەسێک کێشەی تەندروستی هەیە، یان سەردانی بنکەکانی تەندروستی بکەن، یاخود پەیوەندیان پێوە بکەن.

نەخۆشخانەی قەزاکە بەو پێیەی لەرۆژانی جەژندا تەنها ئێشکگری لێیەو فریای نەخۆشى زۆر ناکەون، بۆیە لەمساڵەوە بڕیاریانداوە، لە رۆژانی جەژندا لیژنەکانیان خۆیان بەسەر گەڕەکەکاندا بگەڕێن و داواش دەکات هەرکەسێک دووچاری کێشەی تەندروستیەکان دەبێتەوە، پەیوەندیان پێوە بکەن و بەئەمبوڵانس دێین بەهانایەنەوە.

پێداچونەوە_ محەمەد فاتیح