"وەعدم بە منداڵەکانم دابوو جلى جەژنیان بۆ بکڕم"

هەموو هیواى موچەکە بوو ئەویشى وون کرد

964+

عەزیز عەبدوڵڵا- چەمچەماڵ

بەڵێنى بە منداڵەکانى دابوو لە پارەى موچەى مانگى سێ، جلى جەژنیان بۆ بکڕێت، بەڵام بەهۆى وونکردنى موچەکەى نەیتوانى بەڵێنەکەى جێبەجێ بکات، ئەمە چیرۆکى ژینگەپارێزێکى ئاغجەلەرە کە دواى وەرگرتنى، موچەکەى ونکرد.

محەمەد خەلیل کارمەندی پاککەرەوەیە لە شارەوانی ناحیەی ئاخجەلەر، ئەو لەبارەى ونکردنى موچەکەى بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ چوم موچە وەربگرم، بەڵام قسمەت وابوو گیرفانى گەرم نەکردمەوە و دواى ئەوەى وەرمگرت، لە کاتى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لێم ونبوو”.

محەمەد خەلیل، باوکى سێ منداڵە و لە خانوى کرێدا دەژیت، موچەکەى 425 هەزار دینارە و 14 ساڵە کارمەندى پاککەرەوەى شارەوانییە

وەک ئەوەى ئەو ژینگەپارێزە باسى دەکات، موچەکەى تاکە بژێویەتى و جگە لەوە هیچ سەرچاوەیەکى دیکەى نییە.

محەمەد خەلیل بەنیاز بووە، بە پارەى ئەو موچەیە بچێتە بازاڕ و جلى جەژن بۆ منداڵەکانى بکڕێت، وەکخۆى دەڵێت،”وەعدم پێدابوون کە جلى جوانیان بۆ بکڕم، بەڵام دواى ئەوەى زانیم موچەکەم ونکردووە کە چوومەوە ماڵەوە هیچم بۆ نەوترا”.

هەرچەندە دواى ئەوەى زانیویەتى موچەکەى لێ ونبووە، بەدوایدا گەڕاوە و وەکخۆى دەڵێت، کون و کەلـلەبەر نەماوە بەدوایدا نەگەڕێت، بەڵام وەک ئەوەى زەوى قوتى دابێت هیچ سۆراغێکى نەما.

داواش دەکات، هەرکەسێک دۆزیویەتییەوە بۆى بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەى بەڵێنەکەى بباتەسەر و جلى جەژن بۆ منداڵەکانى بکڕێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

300 ژینگەپارێزی هەولێر داوەتكران و جەژنانەشیان وەرگرت

300 ژینگەپارێزی هەولێر داوەتكران و جەژنانەشیان وەرگرت