کارەباى 24 کاتژمێر گەیشتە شەش گەڕەکى دیکەى هەولێر
ناوشار
کارەباى 24 کاتژمێر گەیشتە شەش گەڕەکى دیکەى هەولێر
964+
وریا فەتاح
پڕۆژەی رووناکی، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ شەش گەڕەکی دیکەی دابین دەکات، بەمەش تائێستا 26 گەڕەک کارەباى 24 کاتژمێرى دابینکراوە.
تەیراوە، مستەوفی، کورانی عەنکاوە، عەنکاوە، سەڵاحەددین و منارە
وەزارەتى کارەبا بڵاوى کردەوە، لە رێگەی پڕۆژەی رووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ شەش گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی (تەیراوە، مستەوفی، کورانی عەنکاوە، عەنکاوە، سەڵاحەددین و منارە).
پێشتر هەریەک لە گەڕەکەکانى (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، رزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز، ماردین، زانیاری، تەعجیل، عارەبان و منارە)، سودمەندبوون لە کارەباى 24 کاتژمێرى.
وەزارەتەکە روونى کردووەتەوە، بەکۆی گشتی تەنها لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستا 26 گەڕەک و 346 هەزار هاوڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە.
“پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تائێستا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 415 هەزار هاوڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە و نزیکەی 600 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون لە 35 گەڕەکی جیاواز لەسەرانسەری هەرێمی کوردستا”، وەزارەتى کارەبا وا دەڵێت.
داواش دەکات، بۆ زانیاری زیاتر، هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی رووناکی لەڕێگای ژمارە 1992 لەکاتی هەبوونی هەر پرسیارێک، سەنتەرەکە لەکاتژمێر 9ـى بەیانی تاوەکو 9ـى شەو بەردەستە.