دیمەنێک لە بازاڕی سەوزەفرۆشانی سلێمانی. وێنە: 964
چاودێریى نرخ دەکرێت
قایمقامى سلێمانى: ژمارەى تیم و هێزە ئەمنییەکان لە بازاڕ زیادکراوە
964+
ژووری هەواڵ
ئاوات محەمەد، قایمقامى سلێمانى رایگەیاند، ئێستا سەرجەم لایەنەکان سەرقاڵى جێبەجێکردنى پلانى جەژنی رەمەزانن، چونکە لە ئێستاوە ناوەندی شار قەرەباڵغ بووە و هاونیشتمانییان بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانیان روو لە بازاڕ دەکەن.
وتیشى، ژمارەى تیم و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنى سەر و ماڵى هاوڵاتیان زیادکراوە و لیژنەکانى چاودێریى بازاڕیش کارەکانیان چڕکردووەتەوە و چاودێریى نرخ و کوالیتى کەرەستە و پێداویستییەکان دەکەن.
هەر لەسەرەتای مانگی رەمەزانەوە تا ئێستا، لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، چەندین جار دەستیان بەسەر گۆشت و خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گرتووە و سەرپێچێکاران رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
دواین جار لە ناوەراستی مانگی رەمەزاندا بوو کە زیاتر لە 300 کیلۆ ماستی ماوەبەسەرچوو لە سلێمانی دەستی بەسەرداگیرا کە خاوەنەکەی دەیویست بەم رەمەزانە لە بازاڕدا ساغی بکاتەوە و دەرخواردی خەڵکی بدات.