وریا فەتاح، رۆژنامەنوس
‘’کوشتن بۆ کۆکردنەوەی لایک و ڤیو بەکار دەھێنن''
وریا فەتاح: 964 لە نوقتەی هێزەوە بڕیاریداوە رووماڵی هەواڵی کوشتن نەکات
964+
ژووری هەواڵ
وریا فەتاح میدیاکارێکی لێوەشاوەو سەرنووسەرە لە ژووری هەواڵی 964، لەبارەی بڕیاری رووماڵناکردنی هەواڵەکانی کوشتن سەرنجێکی کورتی نووسیوەو دەڵێت ”زۆربوونی رووداوەکان و تێکدانی دڵ و دەروونی خەڵک و رووماڵی ھەندێ میدیای نابەرپرس وایکرد، باش و خراپ تێکەڵی یەکتری ببێت”.
دەقى سەرەنجەکە:
راگرتنی رووماڵی کوشتن و دوو قسە
دوای دەستپێشخەری تۆڕی ھەواڵی 964 بە راگرتنی کاتی رووماڵی ڕووداوەكانی كوشتن. بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان و میدیاکاران بەدەم دەستپێشخەرییەکەوە ھاتن و ھەنگاوەکەی تۆڕی ھەواڵی 964 یان بە دەستپێشخەرییەکی بوێرانە و دروست پێناس کرد، بەتایبەت کە ئێستێ بەشێکی زۆری میدیاکان، رووداوەکانى کوشتن وەک کەرەستەی کۆکردنەوەی لایک و ڤیو بەکار دەھێنن.
لەپاڵ ئەوەشدا کۆمەڵێ ھاوڕێ و میدیاکار بە ھێنانەوەی پاساوی جیاواز پێیانوایە، نابێت میدیا لە رووماڵ بوەستێت.
جا قسەی خێر بۆ دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە:
یەکەم: پێویستە بزانرێت 964 لە نوقتەی هێزەوە ئەو بڕیارەی داوە، واتا لە دەستڕاگەیشتنی بە زانیاری دروست و خێرا بڵاوکردنەوە لەپێش ھەموو میدیاکان بووە.
دووەم: زۆربوونی رووداوەکان و تێکدانی دڵ و دەروونی خەڵک و رووماڵی ھەندێ میدیای نابەرپرس وایکرد، باش و خراپ تێکەڵی یەکتری ببێت. لەو حاڵەتەدا یان دەبێت گوێ بەوە نەدرێت و بەشێک بیت لە سەرودڵگرتنی خەڵک یان بڕیاری ئەوە بدەیت ئیستێک بکرێت و رێگایەکی جیاواز بگیرێتەبەر.
سێیەم: راگرتنی رووماڵی كوشتن بڕیارێکی ئەبەدی نییە، بەڵکوو کاتییە، بۆ دوو ئامانجی سەرەکی:
ئەلف: چیتر رووداوەکان وەک ھەواڵ و ژمارە، رووماڵ نەكرێت.
ب: لایەنی پەیوەندیدار بەئاگا بھێنیتە و بیر لە چارەسەر بکرێتەوە، لە هەمان کاتدا بیرى میدیاکان بهێنرێتەوە ئەوەى دەکرێت رووماڵ نییە.
چوارەم: دوای دەستپێشخەرییەکەی 964 زۆرێک لە هاوڕێ و میدیازانان بیرو قەڵەمیان جوڵاند و لەسەر بابەتەکە و شێوەی رووماڵی میدیاكان قسەیان کرد، خۆ ئەگەر بۆ رەتدانەوەی ئەو دەستپێشخەرییە نەبوایە ئەستەم بوو بجوڵێن و ئەزمونەکەیان بۆ رووماڵێکی دروست شێر بکەن، بۆیە خودی جوڵاندنی ئەو گفتوگۆیە دەرخەری دروستی ئەو دەستپێشخەرییەیە.
خوڵاسەی کەلام ئەوەیە، دەستپێشخەرییەکە بۆ ئەوەنییە رووداوی کوشتن رووماڵ نەكرێت، چونکە بۆماوەیەکی کاتی و دوای رەوینەوەی ئەو تارماییەی کە ھەر رۆژە و خێزانێک قەتڵوعام دەکرێت 964 بە پێویستی زانیوە رووماڵی کوشتن رابگرێت و یارمەتی دەروونی خەڵک بدات، لێرەشەوە پەیامی سەرەکی 964 هۆشداریدانە بەوەى کە ناکرێت کوشتنەکان وەک ژمارە و ھەواڵ مامەڵەیان لەتەکدا بکرێت. بەڵکو بە ھەموو لایەکەوە ھەوڵ بدرێت ھەم رووماڵى میدیاکان ڕاستبکرێتەوە، ھەم بەر بەو رووداوانە بگیرێت.
بەدەر لەوە رووماڵنەكردن زۆر باشترە لە رووماڵکردنێکی لەم شێوەیە کە تەنیا ئامانج لێی کۆکردنەوەی لایک و ڤیو و سەرودڵگرتنی خەڵک بێت، کە ئەوە ھیچ کات لەگەڵ ئامانجەکانی توڕی 964 یەکناگرێتەوە.