"لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە زانیم غەدرم لە خۆم كردووە"

هونەرمەند زاهیر عومەر بە یەكجاری گەڕایەوە هەولێر

964+

عەبدولعەزیز خالند

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 24.3.2025 هونەرمەندی گۆرانیبێژ زاهیر عومەر گەڕایەوە هەولێر و بە یەكجاری ئەوروپای جێهێشت.

پەیامنێری 964 بەم بەیانییە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پێشوازیی هونەرمەند زاهیر عومەر بوو، كە كەسوكار و هاوڕێیانی هاتبوونە پێشوازی.

زاهیر عومەر كە خەڵكی شاری هەولێرە، بۆ 964 قسەی كرد و خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوە بۆ كوردستان دەربڕی، وتیشی، “ئەو ئەوروپایەی جاران نەماوە و پەیامم بۆ گەنجەکان ئەوەیە لە مێشكی خۆتانی دەربكەن”.

هەروەها رایگەیاند، ژیان لە ناو كەسوكار و دۆست و هاوڕێیان خۆشترە و تەجروبەی ژیانی ئەوروپای كرد بە ئامانجی باشتركردنی ژیانی خۆی و خانەوادەكەی، ئێستاش گەڕاوەتەوە هەولێر.

زاهیر عومەر كە لە كۆتایی هەشتاكانەوە گۆرانی دەڵێت و ژەنیاری سازە، شەش ساڵ لە سوێد بووە و ئاماژەی بەوەدا ژیانی ئەوروپا سەختە و كاری هونەریش سەختترە لەوێدا.

” هەر لە دەرگای فڕۆكەخانەوە زانیم غەدرم لە خۆم كردووە ئەوەندە ساڵە لە ئەوروپا ژیام و دووربووم لە رێز و خۆشەویستی خەڵكی خۆمان”، زاهیر عومەر وای وت.

ئەو هونەرمەندە كە ساڵانی نەوەدەكان و سەرەتای دوو هەزارەکان لە لووتكەی ناوبانگ و ئاستی هونەریدا بوو، بە تایبەتی لە هەولێر، خاوەنی دەیان گۆرانی و كلیپە، جگە لەوەی ژەنیاری سازە و لە تیپە هونەرییەكانی هەولێر كاری كردووە، بە تایبەتی تیپی موزیكی زیروبەم، لەگەڵ مامۆستا وریا ئەحمەد.

زاهیر عومەر لە رێگەی 964ـەوە موژدەی بە هەوادارانی دا، كە بەرهەمی نوێی ئامادەیە و بەم زووانە دەست بە كاری هونەری دەكاتەوە و كلیپیش وێنە دەگرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئیتر بۆت نییە بە دڵی خۆت گۆرانی هونەرمەندان بەکاربهێنی...

ئیتر بۆت نییە بە دڵی خۆت گۆرانی هونەرمەندان بەکاربهێنیت