سەرچاوەیەکى ئاسایش: ئەو کارمەندە سەربەخۆ ئەو کارەى کردووە

لەلایەن کارمەندێکى ئاسایشەوە رێگرى لە کاسبکارانى عەلوەى کەلار کراوە بچنە ژوورەوە

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە بۆ 964 نێردراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لەبەردەم عەلوەى کەلار قەرەباڵەغییەکی زۆر دروستبووە، کاسبکارێکیش دەڵێت، لەلایەن کارمەندێکى ئاسایشەوە رێگەیان پێنەدراوە تا کاتژمێر 5:15 خولەکی بەیانی ھیچ کاسبکارێک بچێتە ژورەو، سەرچاوەیەکى ئایایشیش دەڵێت، ئەو کارمەندە سەربەخۆ ئەو کارەى کردووە.

کاسبکارێک لە عەلوەی کەلار کە نەیویست ناوی بھێنرێت، بە 964ـى وت،”بەیانی ئەمڕۆ دوای پارشێو کە رۆشتینە عەلوە بۆ کردنەوەی دوکانەکانمان، لەلایەن کارمەندێکی ئاسایشەوە رێگریمان لێکرا”.

“کارمەندەکەی ئاسایش پێی وتین، لەسەرووی خۆمەوە پێموتراوە، خاوەن دوکانەکانی عەلوە دەبێت کاتژمێر 5:15 خولەک بڕۆنە ژورەوە، جوتیارەکانیش بارەکانیان کاتژمێر 6 ببەنە ژورەوە، ئەمەش قەرەباڵەغیەکی زۆری دروست کردبوو”،ئەو کاسبکارەی عەلوەکە وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان دوکانی خۆیانە و شوێنى کەسابەتیانە، بۆیە ھیچ ھۆکارێک نییە رێگریان لێبکات، بەڵام ئەوەى روویدا وەک دەڵێت،”لەهیچ عەلوەیەکى کوردستان رووینەداوە”.

لەبارەی ئەم بابەتە، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گەرمیان بە 964ـى وت،”ئاگامان لە بڕیارێکی لەم جۆرە نییە، ئەو ئاسایشە سەربەخۆیانە کارێکی وای کردووە، وتویەتی بۆ ڕێکخستنەوەی عەلوەکە ئەو کارەی کردووە”.

جەختیشى کردەوە، لە سبەینێوە کاسبکاران و جوتیارەکان دەتوانن ھەرکات ویستیان بڕۆنە عەلوەکە و کەسابەتی خۆیان بکەن، قسەش لەگەڵ ئەو کارمەندە کراوە شتی لەوجۆرە دوبارە نەکاتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە عەلوەى کەلار 246 تۆن سەوزە و میوە دەستى بەسەرداگیراوە

لە عەلوەى کەلار 246 تۆن سەوزە و میوە دەستى بەسەرداگیراوە