دیمەنی ئینارەی شەقامەکان دوای چاک کردنیان وێنە: 964
رووناکیش بۆ هەندێک شەقام زیاد دەکرێت
کۆیە لە قۆناغی یەکەمدا ئینارەسووتاوەکانی شەقامەکانی چاککراوەیە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
دوای هەواڵێکی 964 لەسەر سووتانی بەشێکی زۆری ئینارەکانی شەقامەکانی کۆیە، کارەبای کۆیە لە قۆناغی یەکەمدا ئینارە سووتاوەکانی شەقامی دووسایدی بەردەم زانکۆی کۆیە تاوەکو دەگاتە فلکەی گردیی ناوبازاڕی کۆیە چاککردەوە، جگە لەوەش لیدی جوانکاری بۆ تەواوی ستوونەکان بەکارهێناوە بۆ بەخشینی رووناکییەکی جوان بە شەقامەکە.
لە قۆناغی داهاتوودا ئینارەکانی شەقامی چیای هەیبەتسوڵتان و شەقامی دووسایدی ئیسکانیش چاککدەکرێتەوە کە لە ئێستادا زۆربەی گڵۆپەکانی سووتاون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.3.19، لوقمان حەوێز، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کۆیە، بە 964ی وت، لەسەر بودجەی نەسریەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان گڵۆپە سووتاوەکانی سەرجەم ئینارەی شەقامەکان چاکدەکەینەوە و دەیگۆڕین لەگەڵ لێدانی لیدی جوانکاری لە ستوونی ئینارەکان، لە قۆناغی یەکەمدا لەبەردەم زانکۆی کۆیە دەستمان پێکرد تاوەکو فلکەی گردیی ناوبازاڕ، لە چەند رۆژی داهاتوودا دووسایدی ئیسکان و رێگەی چیای هەیبەتسوڵتانیش گڵۆپەکانیان چاکدەکەینەوە و رووناکیان دەکەینەوە.
وتیشی، “ چەند شەقامێکی تری سەرەکیی ناوشار هەن پێویستییان بە رووناککردنەوە هەیە، بەڵام هیچ ئینارە و ستوونێکی نییە، بۆیە لە توانای ئێمەدا نییە کەلوپەلی تەواوی ئینارەکان دابین بکەین، تەنها دەتوانین گڵۆپە سووتاوەکان چاک بکەینەوە و لیدی جوانکارییان بۆ ببەستین”
بەشێکی زۆری شەقامەکانی کۆیە پێویستییان بە رووناککردنەوە هەیە چونکە بە شەوان زۆر تاریک دەبن و هاتوچۆ بۆ ئەو هاوڵاتییانەی بیانەوێ بە شەوان بێنە دەرەوە قورستر دەکات و هەندێکجار ئەگەر هەیە رووداوی نەخوازراویش رووبدات.