گومان هەیە دەستی لەپشت بێت

لە دوو هەفتەدا 11 تانکەر لە کەلار سووتاون

میلاد جەلال – گەرمیان

لە دوو هەفتەدا 11 تانکەر لە قەزای کەلار سووتاون کە دووانیان ئەمڕۆ سووتاون و گومان هەیە، دەستێکی لەپشت بێت.

کەمێک پێش ئێستا لە دوو شوێنی جیاواز لە قەزای کەلار دوو تانکەر لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک سووتان، ئیبراهیم محەمەد وتەبێژی بەرگری شارستانی کەلار بە 964ـی وت، “ھۆکارەکان نازانرێت، بەڵام گومانمان ھەیە دەستی لەپشت بێت، چونکە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لەناو کەلار سێ ئۆتۆمبێل سووتاون”.

بەپێی زانیارییەکانی 964 لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا 11 تانکەر و بارھەڵگر سووتاون، خاوەنی ئەو تانکەرەی ئەمڕۆ سووتا بە 964ـی وت، “گروپی تانکەرەکانمان ھەیە، پێش نیو کاتژمێر ڤیدیۆی سووتانی تانکەرێکی تێدا دانرا، منیش ھاتم بۆلای ئۆتۆمبێلەکەم تا گەیشتم ئەویش سووتێنرابوو”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمنایەتیان لەگەڵ ھیچ کەسێکدا نییە و گومانیان لە کەس نییە، بەڵام دیارە کە بەئەنقەست سوتێنراون چونکە بەنزینی پیاکرابوو.

وتیشی پەیوەندیان بە پۆلیس و ئاسایشی کەلارەوە کردووە و داویانکردووە، لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە بکەن و ئەو کەسەی ئەو کارە دەکات، دەستگیر بکەن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری