بەهۆى کێشەیەک لە دیوى تورکیا
هاتوچۆى گەشتیارى و بازرگانى لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل پەکى کەوت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
کێشەیەکی تەکنیکی لە دیوى تورکیاوە بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆى گەشتیارى و بازرگانى لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل، وتەبێژى دەروازەکەش دەڵێت: ئەگەر بەردەوامبێت قەرەباڵغى دروست دەبێت.
لە پێشنیوەڕۆى ئەمرۆ سێشەممە 18.3.2025 بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیەوە لەبەشی سیستەمی پاسپۆرتى دەروازەی خابور دیوی تورکیا بۆ هەرێم، هاتوچۆى گەشتیارى و بازرگانى لەنێوان هەرێم و تورکیا لەو دەروازەیەوە پەکی کەوتووە و ئیدارەی هەردوولایی دەروازەکەش بەهەماهەنگی لەسەر هێلن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
کامی کەمال، وتەبێژی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە 964 وت،”کێشەکە لە دیوى تورکیایە، بەڵام هەماهەنگیمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی، چونکە هاتوچۆ بەتەواوەتی پەکی کەتووە و ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت قەرەباڵغییەکى زۆر لەدەروازەکەدا دروستدەبێت”.
کامی وتیشی، نازانین کەی کێشەکە چارەسەر دەبێت، بەڵام لەهەوڵدان بەزووترین کات هاتوچۆ دووبارە ئاسایی بێتەوە”.