ئەگەر هێرش بوەستێ ئێمەش ئۆپراسیۆن دەوەستێنین

وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ سودانی باسی حوسییەکانیان کردووە

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزیری بەرگری ئەمریکا تەلەفۆنی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، جگە لە دۆخی عێراق، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەزیری بەرگری سەرنجی محەمەد شیاع سودانی بۆ دۆخی یەمەن راکێشاوە و وتویەتی، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارە حوسییەکان.

هەروەها، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر هێورکردنەوە و وتوێژ کردووە، چونکە بە بڕوای ئەو، ئامرازێکی کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لەناوچەیەکی هەستیار و گرنگی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بارەی رۆڵی هاوپەیمانان، سودانی پابەندبوونی عێراقی بۆ پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپاتکردووەتەوە، کە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەن، بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش.

دەقی راگەیەندراوی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە وەک خۆی:

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری بەرگری ئەمریکاوە بەڕێز پیت هێگسێس پێگەیشت، و هەردوولا تاوتوێی هاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و بەرژەوەندی هاوبەشیان کرد بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە یەمەن خستەڕوو، و ئاماژەی بەوەکرد ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەگەر هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کاریگەرییەکانیان لەسەر کەشتیوانی لە دەریای سوور ڕانەگرن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن هەوڵی پەرەسەندن نادات، و لەگەڵ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەوەستێنێت.

لە لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر هێورکردنەوە و وتوێژ کردەوە، چوونکە ئامرازێکی کاریگەرن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لەناوچەیەکی هەستیار و گرنگی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێگایە گوزارشت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق دەکات لەڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەییەکان و عێراق لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوام دەبێت لە کارکردن.

هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی هاوکاری ئەمنی کردەوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش، هەروەها تاوتوێی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان کرد.

بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پابەندبوونی عێراقی بۆ پاراستنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە، کە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق ئامادەن، بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی عێراق کردەوە بە سنووردارکردنی بەکارهێنانی هێز لە دەستی دەوڵەتدا و پتەوکردنی سەقامگیری ناوخۆیی.

هەر لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا پابەندبوونی هاوبەشیان دووپاتکردەوە بۆ ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و ئایدۆلۆژیای توندڕەو بە داعشی”ـشەوە و بەهێزکردنی هەوڵە بەردەوامەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ناوچەیی.

هەردوولا تاوتوێی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەیان کرد لە بەئامانجگرتن و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی داعش، و جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ڕێبازێکی بەهێز و هەماهەنگ کردەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ڕێکخراوەکە لە دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی.

هەروەها گفتوگۆکان ئاماژەیان بە داینامیکی ئاسایشی ناوچەیی کرد، بەتایبەتی بارودۆخی سوریا و سووربوونی خۆیان دەربڕی بۆ بەرەنگاربوونەی داعش لە دروستکردنی هەر هەڕەشەیەک لە سوریا، دوای بەدەستهێنانی چەکی نوێ و کارکردن لەسەر خۆڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی، ئەمەش پێویستی بە کاردانەوەی بە کۆمەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر گرژییەکی نوێ کە هەڕەشە لە سەقامگیری بکات.

هەردوولا پابەندبوونی خۆیان نوێ کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەیی، و وەزیری بەرگری ئەمەریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی درێژخایەن.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هاوکاری، بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان، و پێکەوە کارکردن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.