كێشە بۆ هەندێكی دیكە دروست بووە
زیاتر لە 10 قوتابخانەی گوندەکانی سنووری کۆیە چۆڵن و بێ قوتابین
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بە هۆی کەمیی قوتابی لە بەشێکی زۆری بینای قوتابخانەی گوندەکانی سنووری قەزای کۆیە، کە ژمارەیان 12 قوتابخانە دەبێت، چۆڵکراون و هیچ سوودێکیان لێنابیندرێت.
چۆڵبوونی ئەو قوتابخانانە زەحمەتی بۆ قوتابیانی ئەو گوندانە دروستکردووە، کە دەبێت بۆ خوێندن بچنە گوندێکی دوورتر و کێشەی دابینکردنی هاتوچۆیان بۆ دروست بووە.
مامۆستا فەتاح عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی کۆیە، بە 964ـی وت، کەمیی قوتابی لە گوندەکان بینای قوتابخانەی 12 گوندی لە سنووری پەروەردەی کۆیە چۆڵ کردووە، بە هۆی ئەوەی هەر قوتابخانەیەک لە 10 قوتابی کەمتری هەبێت، پەروەردە ناچار دەبێت قوتابخانەکە دابخات، چونکە ناتوانێت مامۆستایەکی زۆر بۆ رێژەیەکی کەمی قوتابی دابین بکات.
وتیشی، “قوتابیان لەو گوندانەی قوتابخانەکانیان چۆڵن بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن، ناچارن بچنە گوندێکی دیكە و رێگەیەکی دوورتر ببڕن تا بچنە قوتابخانەی گوندێکی تر، کە ئەمەش هەندێکجار زەحمەتی بۆ خێزانی قوتابییەکان دروست دەکات”.
ئەو 12 قوتابخانەیەی ئەو گوندانە چۆڵکراون بە ناوەکانی (کانی هەنجیر، دۆندار، ئەلیاسەسوور، کانی کوردە، کفرە دۆڵ، باموردکان، بانەگوڵان، حاجی قەڵا، پیرەر، ئیلەلڵا، بانەمورد، باوەقوبی گچکە)، هەر کاتێک لەو گوندانە ژمارەی قوتابی زیاد بکات پەروەردە پابەند دەبێت بە زیادکردنی مامۆستا بۆ قوتابخانانە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا