"معاش لە ماڵی ئێمەدا نییە"
خێزانێکی 10 کەسی هەیە و بە لفکەفرۆشی بژێوی ژیانیان دابین دەکات
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
دۆخی هاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی بە هۆی باری دارایی و دواکەوتنی موچە باش نییە و هەر کەسەو بەجۆرێک بژێوی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات، تەنانەت دنیادیدە و بەتەمەنەکانیش ناچارن، رۆژانە لە ماڵ بێنەدەر و بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک بجەنگن.
ئیبراهیم حەمەڕەحیم هاوڵاتییەکی تەمەن 75 ساڵی شاری سلێمانییە، رۆژانە بە چەند لفکەیەکەوە لە ماڵ دێتەدەر و دەیەوێت بەو شێوەیە بژێوی خێزانێکی 10 کەسی دابین بکات، ئەو بە 964ـی وت، “تەندروستیم باش نییە و هیچ کارێکی تریشم پێ ناکرێت، بۆیە ناچارم ئەم ئیشە بکەم”.
“لەو 10 سەر خێزانە، شەشیان ئافرەتن و معاش لە ماڵی ئێمەدا نییە”، ئیبراهیم حەمەڕەحیم وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە رۆژ هەیە تەنیا چوار بۆ پێنج هەزار دیناری دەست دەکەوێت و ژیانیان بەسەختی دەگوزەرێنن.
ئامۆژگاری ئەو دنیادیدەیە بۆ گەنجان ئەوەیە کە کاسبی بکەن، بۆ ئەوی موحتاجی دەستی کەس نەبن و ماڵ و منداڵی خۆیان بەباشی بەخێو بکەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری