چەمچەماڵ
گرفتەکانى چەرموو سیتى چارەسەر نەبوون
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
ژمارەیەک لە دانیشتوانى چەرموو سیتى چوونەتە نوسینگەى سلێمانى پەرلەمانى کوردستان و داوا دەکەن کێشەوگرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.
2ـى ئەم مانگە، لە دیوانی قائیمقامیەتى چەمچەماڵ بەسەرپەرشتى رەمەک رەمەزانى قایمقام و بە ئامادەبوونى لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە و لە بارەى قیستەکانى پڕۆژەى چەرموو سیتى و تاپۆکرنى خانووەکان و کێشەى ئاوى پڕۆژەکە گفتوگۆ کراوە.
وەک باسکرا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کەمووکوڕی و کێشەکان چارەسەر بکات، بەتایبەت چارەسەرکردنى کێشەى نەگەیشتنى ئاو بە بەشێک لە ماڵەکانى پڕۆژەکە؟
قستی خانوەکانی گەڕەکی چەرموو سیتی بۆ 20 ساڵ درێژکرایەوە
هەڵمەت هۆشیار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە 964ـى وت،”ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی چەمچەماڵ هاتونەتە نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان و داوا دەکەن ئەو کەموکوڕیانەیان بۆ چارەسەر بکرێت و ئەوانیش هەوڵی تەواویان بۆ دەدەن”.
بەپێى وتەى دانیشتوانى چەرموسیتى بێت، کۆمپانیاى جێبەجێکار ژمارەیەک سەرپێچى و کەموکوڕى یاسایى لە پڕۆژەکە ئەنجامداوە، هەم لە زۆرکردنى ژمارەى خانووەکان و دەستکاریکردنى نەخشەى پڕۆژەکە و هەم لە نەبوونى خزمەتگوزارى ناو پڕۆژەکە.
چەرموو سیتى پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوونە، دەکەوێتە ناحیەى شۆڕش لە قەزاى چەمچەماڵ، لەسەر روویەرى 645 هەزار مەتردوجا دروستکراوە.
وەک ئەوەى کۆمپانیاى بەڕێز کە لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکەیە لە بەشى پڕۆژەکان باسى دەکات، لە پڕۆژەکەدا دوو قوتابخانەی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی، دایەنگا، باحچەی ساوایان، لەخۆى دەگرێت رێژەى سەوزاییەکەى 20%ـە، بەڵام لە ماوەى رابردوودا دانیشتوانەکەى چەندین جار ناڕەزایەتیان پیشانداوە و دەڵێن بەو شێوەیە نییە کە پڕۆژەکە خستوویەتییەڕوو و تائێستا کێشەى ئاویان هەیە.