دەوترێت بە هەڵە بووە
گەنجێک لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لە کۆمەڵگەى مەهەد گەنجێک کە دەوترێت بەهەڵە بووە، لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا و تەرمەکەشى رەوانەى پزیشکى داد دهۆک کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 10.3.2025، چەند گەنجێکى کۆمەڵگەى مەهەد لە سنوورى قەزاى شێخان بەمەبەستى راوکردنى باڵندە لە سنوورەکە دەسوڕێنەوە، بەڵام یەکێک لە گەنجەکان فیشەک بەریدەکەوێت و دەکوژرێت.
سەرچاوەیەکى ئەمنى سنوورەکە بە 964ـى وت،”گەنجە کوژراوەکە ناوى (ز.ر)ـە و بە هەڵە لەلایەن ئامۆزاکەیەوە بەچەکى راوکردن کوژراوە”.
وەک باسى دەکات، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەلایەن پۆلیس و ئاسایشى سنوورەکە لە رووداوەکە دەکرێت و تەرمى گەنجەکەش لەبەر ئەوەى گولـلە بەر سەرى کەوتووە بۆ پشکنین لە پزیشکى دادى شێخانەوە رەوانەى پزیشکى دادى دهۆک کراوە.
بەوتەى سەرچاوەکە، سێ گەنجى تر کە لەگەڵ کوژراو بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح