ماهیر ئەسەد
حكومەتی عێراق وەڵامدەداتەوە
ئایا ماهیر ئەسەد لە عێراقە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حكومەتی عێراق رەتیكردەوە، پاشماوە و شوێنكەوتووەكانی رژێمی رووخاوی بەشار ئەسەد لە عێراق بن و دووپاتیشیان كردەوە، رێز لە كاروباری ناوخۆی سوریا دەگرن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی عێراق، كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە، بە کەناڵی جەزیرەی قەتەڕی راگەیاندووە، ئەو هەواڵانە رەتدەكەنەوە، كە باس لە رۆیشتن یان بوونی ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سوریا لە عێراق دەكەن.
سەرچاوەكە رێزی عێراقی بۆ کاروباری ناوخۆی سوریا دووپاتکردەوە، هەروەها پابەندبوونی عێراقیشی بە دەستوەرنەدان لە شەڕە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: ئەم دەنگۆیانە ئامانجیان تێکەڵکردنی کارتەکان و تێوەگلانی عێراقە لە پرسە ناوخۆییەکانی وڵاتان.
“پابەندبوونی عێراق بە رێزگرتن لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان، بە تایبەتی وڵاتانی دراوسێ دووپات دەکەینەوە”، سەرچاوە عێراقییەكە وای بە كەناڵەكە راگەیاندووە.
لە دوای رووخانی حكومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا، ئەوە روون بوو ماهیر ئەسەدی برای بەشار، كە فەرماندەی فیرقەی چوار زریپۆشی سوریا بوو، گیری خواردبوو، باسی ئەوەش بە گەرمی دەكرا لەگەڵ بەشێك لە سوپاكەی هاتووەتە ناو عێراق، بەڵام ئەمە هیچ كاتێك پشتڕاست نەكراوەتەوە، لە دوو رۆژی رابردووش لەگەڵ شەڕی نێوان سوپای سوریا و چەكدارانی “پاشماوەی رژێمی ئەسەد” لە لازقیە، هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە ماهیر ئەسەد عێراقی جێهێشتووە و رۆڵیشی لەو شەڕەی سوریادا هەیە و تەنانەت باسی ئەوە دەكرێت گەڕابێتەوە سوریا.
