"زۆرترین كڕیارمان له سلێمانییه‌وه‌ن"
نه‌عامه فرۆشه‌كه‌ى چۆمان بازاڕێكی تایبه‌ت بە فرۆشتنى گۆشتی كردووه‌ته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له چۆمان خاوه‌ن كێڵگه‌یه‌كی تایبه‌ت به به‌خێوكردنى نه‌عامه، ده‌ستى به فرۆشتنى گۆشت كردووه و ده‌ڵێت “بازاڕمان باشه و زۆرترین كڕیارمان له سلێمانییه‌وه‌ن”.
ماوه‌ى دوو ساڵه كێڵگه‌كه‌ى له گوندى وه‌ردێى سنوورى قه‌زاى چۆمان داناوه و 100 دانه نه‌عامه‌ى تێدا به‌خێوكرد، ئێستاش قه‌سابییان بۆ ده‌كات و كڕیاری له خۆی كۆكردووه‌ته‌وه.
هه‌ڵمه‌ت عه‌بدوڵا عه‌زیز، خاوه‌ن كێڵگه‌كه به 964ـى وت، له سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنیان شاره‌زایی ته‌واویان له‌سه‌ر به‌خێوكردنى نه‌عامه‌كان نه‌بووه بۆیه به‌هۆى پێدانى عه‌له‌ف ژماره‌یه‌كیان لێ مرداربوونه‌ته‌وه.
وتیشی “چه‌ند رۆژێكه كارى فرۆشتنى گۆشتى نه‌عامه‌كانمان ده‌ستپێكردووه، پێشتر وامان راگه‌یاند كه له‌هه‌فته‌یه‌دا ته‌نیا له رۆژانى پێنجشه‌ممه و هه‌ینى گۆشته‌كه به‌رده‌ست بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى خواستێكی زۆرى له‌سه‌ره، ناچار بووین گۆشت فرۆشتنه‌كه‌مان بكه‌ینه رۆژانه”.
له‌ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند رۆژانه گۆشتى 50 نه‌عامه‌یان فرۆشتووه، هه‌ر كیلۆیه‌كى به 20 هه‌زار و ئه‌گه‌ریش یه‌كێك بیه‌وێت نه‌عامه‌كه به زیندوویی ببات ئه‌وان هه‌ر كیلۆیه‌كی بۆ ده‌كه‌نه ته‌نیا 10 هه‌زار دینار.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، جگه له خه‌ڵكی چۆمان، زۆرینه‌ى كڕیاره‌كانیان له هه‌ولێر، كه‌ركوك، پێنجوێنن به‌ڵام له‌ناو سه‌نته‌ره‌ى سلێمانى زۆرترین كڕیاریان هه‌یه و له رێگه‌ى په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه داواى گۆشته‌كه‌ى ده‌كه‌ن.