لە لازقیەی سوریا

روسیا دەرگای بنکەکەی بۆ شیعە عەلەوییەکان دەکاتەوە

ئەحمەد مستەفا

ئەو دەیان خێزانەی لە ئەمڕۆوە، هانایان بۆ بنکەیەکی سەربازی روسیا بردبوو لە لازقیە هەوڵەکەیان سەری گرت، روسیا رەزامەندیدا بەکردنەوەی دەرگای بنکەکەی بەرووی ئەو خێزانانەدا، کە سەرجەمیان شیعەی عەلەوەین.

ئەوان دەبرێنە، سەربازگە و فڕۆکەخانەی حومەیمیمی لازیقیە ئەوەش لە پێناو پاراستنیان، چونکە دوو رۆژە پێکدادان هەیە و بەشێکە لەو ئاڵۆزییانە بووەتە هۆی نائارامی لای شیعە عەلەوییەکان.

ئەوە لە حاڵێکدا پێشتر، تەلەفزیۆنی سوریا بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان، ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان و سوپاکەیان کۆنترۆڵکردنەوەی شاری جەبلەیان وەرگرتەوە.

ئەوەش دوای پێکدادان لەگەڵ گروپەکانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، کە کۆنترۆڵی شارەکانی تەرتوس و لازقییە کە دەکەونە کەنارەکانی سوریا لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە گەڕێنراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا “سانا”، لە زاری عەقید حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگرییەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی وەزارەتی بەرگری پێشکەوتنی مەیدانی خێرایان بەدەستهێنا و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان سەپاندەوە کە شایەتحاڵی “هێرشی خیانەتکارانە” دژی کارمەندانی ئاسایشی گشتی بوون.

وتیشی، ئێستا هێزەکانیان بەردەوامن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو شوێنە گەرمانەی تاوانکاری کە ماونەتەوە، هەموو ئەوانەی پەیوەندییان پێوە هەیە ڕادەستی لایەنە ئەمنییە کاراکان دەکرێن، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.