بۆ یارمەتیدان چوو بوو
لە سلێمانی تەزووی کارەبا رۆحی گەنجێكی کێشا
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەشوقەكانی كەنەكەوەی ئیسكانی سلێمانی، گەنجێك بەتەزووی كارەبا گیانی لەدەستدا، کە بۆ یارمەتیدانی دراوسێکەی چوو بووە ماڵیان.
لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە، تاهیر كەلەباشی ئامۆزای گەنجەكە بە 964ی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ دراوسێیەكی ئەو ئامۆزایەم داوای هاوكاریان كردووە بۆ چاككردنی بۆڕی ئاوی شوقەكەیان، لەكاتی هاوكاری كردنیاندا كەسێكی پیادەڕەو سەلام و ماندوو نەبوونی لێكردوون، لەكاتی وەڵامدانەوەیدا دەستی هەڵبڕیوە و بەر هێڵی كارەباكە كەوتووە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ئەو گەنجە ناوی (ن، غ)، تەمەنی 35ساڵە دانیشتوی كەنەكەوە بووە و خەڵكی گوندی تیماری سەر بە ناحیەی سورداشە، ئەو شوێنەی ئەو چووە هاوکاری دراوسێکەی تێدا بکات، لە بەرزایدا بووە.
دوای رێكارەكان تەرمی گەنجەکە لەلایەن کەسوکارییەوە وەرگیراوەتەوە، لە گۆڕستانی پیرەمەگروون بە بەشداری دەیان کەس بەخاک سپێردرا.
964 چەند جارێك هەوڵیدا پەیوەندی بكات بە سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر رووداوەکە هیچ سکاڵایەک تائێستا تۆمار نەکراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا