گەورەترین بەرهەم لە مێژووى دراماى عەرەبیدا
پەخشکردنى دراماى موعاویە قەدەغەکرا
964+
وریا فەتاح
دەستەى راگەیاندنى عێراق، قەدەغەى پەخشکردنى زنجیرە دراماى معاویەى لە کەناڵى MBCـى عێراقى راگەیاند کە گەورەترین بەرهەمە لە مێژووى دراماى عەرەبیدا و 100 ملیۆن دۆلار لە بەرهەمهێنانیدا خەرجکراوە.
دەستەکە لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردووەتەوە کە “بڕیاری قەدەغەکردنەکە لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتە یاساییانەیە کە پێیاندراوە و ئەرکیان رێکخستنى کەرتى راگەیاندن و دڵنیابوونە لە ناوەڕۆکى راگەیاندنەکان لەگەڵ ئەو ستانداردە نیشتمانت و پیشەییانەى لە عێراق، پەسەند کراون”.
پاساوى دەستەى راگەیاندنى عێراق بۆ قەدەغەکردنى ئەو زنجیرە درامایە ئەوەیە کە پەخشکردنى دەبێتە هۆى مشتومڕ و رەنگە هاندان و ناکۆکى تائیفى لێبکەوێتەوە و مەترسى لەسەر ئاشتى کۆمەڵایەتى دروست بکات.
داواش لە هەموو دامەزراوە میدیاییەکان کردووە، پابەندبن بە ستانداردە پیشەییەکان و خۆیان لە پەخشکردنى ناوەڕۆکى پێچەوانە بەدوور بگرن، کە ببێتە هۆى هاندانى رق و کینە و هاندانى تائیفى.
دەستەى راگەیەندن و پەیوەندییەکانى عێراق باسى لەوەشکردووە کە نوسراویان بۆ بەڕێوەبەرانى کەناڵى MBCـى کردووە و داواى پابەندیان لێکردوون بە بڕیارەکەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر هەر لایەنێک دەگرێتەبەر کە پێشێلی ئەو کۆنتڕۆڵە میدیاییە بکات کە لە وڵاتدا کاری پێدەکرێت.
موعاویە زنجیرەیەکی مێژوویی هاوبەشی عەرەبییە کە بریار بوو لە مانگی رەمەزاندا پەخش بکرێت و تێیدا باس لە ژیاننامەی موعاویە بن ئەبی سوفیان دەکات کە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئومەوییە لە دیمەشق.
وێنەگرتنی زنجیرەکە لە مانگی تەمموزی ساڵی 2022 دەستیپێکرد.
بەهۆى تەرخانکردنى 100 ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانى، بوو بە گەورەترین بەرهەم لە مێژووی درامای عەرەبیدا، لە نووسینی رۆژنامەنووسی میسری خالد سەڵاح و دەرهێنانی تارق عريان و بەرهەمهێنانی کۆمپانیا MBCـی سعودییە.