“بەهۆی بەفرەوە سۆران ئاستەنگی هاتوچۆی هەیە”

964+

توانا نەقی

بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە تائێستا بە شێک لە رێگاکان لە بەفر پاک نەکراونەتەوە بەتایبەت رێگای سپیلک خەلیفان لە سنوری ئیدارەی سۆران.

موحسن تەحسین، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە تۆڕی964ی راگەیاند، بەهۆی ئەو بەفرە زۆرەی باریوە لە سنووری ئیدارەی سۆران لە دوێنی شەوەوە دەستیانکردووە بە پاککردنەوەی رێگاکان کە ئاستەنگێکی زۆری هاتوچۆی دروستکردبوو.

وتیشی “بەتایبەت رێگای سپیلک خەلیفان دوێنێ 8ی شوبات زۆری بەفر بارینەکە ئاستەنگێکی زۆری بۆ شۆفێران دروستکردبوو، تا ئێستاش نەتوانراوە رێگاکە بەتەواوەتی پاک بکرێتەوە و شۆفێران ناتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بکەن”.

دەشڵیت: جگە لە خزان بەهۆی بەفرەوەکەوە، هیچ رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان و وەرگەڕان تۆمارنەکراوە.

ماوەی هەفتەیەکە شەپۆڵێکی بەفرو باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، لە بەشێکی زۆری رێگاو بانەکان بەتایبەت سنوری ئیدارەی سۆران ئاستەنگی هاتوچۆ لە دوێنێ شەوەوە بەردەوامە.