"بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی ناوشار"
رێگایەکی تایبەت بە تانکەر و بارهەڵگرەکان لە کۆیە دروست دەکرێت
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بەهۆی دروستبوونی لۆدی زۆری بارهەڵگرەکان لەسەر رێگای کۆیە – تەقتەق، کە لە هەولێرەوە بەرەو ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەڕۆن، قایمقامیەتی کۆیە بەنیازە رێگایەکی تێکەڵڕێژ لە تەنیشت دووسایدی 60 مەتری شارەکە دروست بکات و ئەو جەنجاڵی و قەرەباڵغییە کەم بکاتەوە، کە تانکەرەکان لەناو شاردا دروستی دەکەن.
رێگاکە لە تەنیشت مزگەوتی خێرخوازانەوە کە لە سەرەتای هاتنەناوەوەیە بۆ شاری کۆیە، درێژدەبێتەوە بۆ رێگای دەشتی کۆیە – دوکان، بەم شێوەیەش ئەو رێگایە بەڕووی تانکەر و بارهەڵگرەکان دادەخرێت، کە لە شەواندا بەناو شاردا هاتوچۆیان لەسەر دەکرد.
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964ـی وت، “ئەو رێگایەی کە دروست دەکرێت کاتییە و تێکەڵەڕێژ دەبێت، تەندەری بۆ دەرچووە بە بودجەی 270 ملیۆن دینار و بۆ نەهاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەکانە بۆ ناو سەنتەری قەزای کۆیە و کەمکردنەوەی لۆدە لەسەر رێگای تەقتەق-کۆیە، چونکە ئەو رێگایە مەترسییەکی زۆری بۆ هاوڵاتیان دروست کردبووە”.
“رێگاکە لە تەنیشت دووسایدی فیدڕاڵی 60 مەترییەوە دروست دەکرێت، لە مزگەوتی خێرخوازانەوە دەستپێدەکات و لە پردەکەی نزیک رێگای دەشتی کۆیە بۆ قەزای دوکان کۆتایی دێت”، تاریق حەیدەری وای وت.
لە ماوەی رابردوودا هۆکاری زۆربەی رووداوەکانی هاتوچۆی سەر رێگای کۆیە – تەقتەق، بارهەڵگرەکان بوون، جگە لەوەش جۆین و پارچەکانی پردە ئاسنینەکەی رێگاکە، ناوبەناو بەهۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان دەشکێن و دواتر لەحیم دەکرێنەوە.
پێداچوونەوە: شۆرش قادری