بەندکراوێک دەستی بە شیشی زیندانەکەیەوە گرتووە.
"هەوڵەکان فەرمیین"
هەرێمی کوردستان داوای گەڕاندنەوەی چوار سزادراو لە ئێران دەکات
964+
ژووری هەواڵ
هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ گۆڕینەوەی سزادراوان، چوار سزادراوی کوردی باشوور بگەڕێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە داوای فەرمی ئاراستەی ئێران کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25.2.2025، ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، لە رێگەی کونسوڵی ئێرانەوە بە فەرمی لەسەر خەتن بۆ گەڕاندنەوەی چوار سزادراوی هەرێمی کوردستان کە بە تۆمەتی جیاجیا خراونەتە زیندانەوە.
وتیشی، بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ گۆڕینەوەی سزادراوان، 50 زیندانی رادەستی ئێران بکرێنەوە کە بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر سزادراون.
لە کۆتایی ساڵی رابردوو، یاریدەدەری وەزیری داد بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و سكرتێری كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە گواستنەوەی دەیان زیندنی ئێرانی لە عێراقەوە بۆ وڵاتەكەی رایگەیاند، “بەغدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی 130 زیندانی ئێرانی لە كۆی 160 زیندانی لە بەغداوە بۆ تاران”.