بە چ بۆنەیەک؟

848 بەندکراو لە زیندانی ورمێ ئازاد کران

شۆڕش قادری

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە زیندانی ورمێ، 848 بەندکراو بەخشران و گەڕانەوە نێو خانەوادەکانیان.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێران لە زاری ناسر عەتەباتی، داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ بڵاویکردووەتەوە، “بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێن و بەهاوکاری خێرخوازان و هەوڵی بەڕێوەبەرانی دادگای ورمێ، 848 بەندکراو کە بە تۆمەتی جۆراوجۆر زیندانیی کرابوون، بەخشراون و گەڕاونەتەوە نێو خانەوادەکانیان”.

“ئەوە بۆ چوارمین ساڵی لەسەریەکە، کە بەم بۆنەیەوە بەندکراو لە زیندانی ورمێ دەبەخشرێن و ئازاد دەکرێن”، ناسر عەتەباتی وادەڵێت.

ساڵانە بە سەدان کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر دەکرێن و ژمارەیەکیان لە بۆنەکاندا بڕیاری بەخشینیان بۆ دەردەچێت و ئازاد دەکرێن، لە نوێترین ئاماریشیدا، رێکخراوکانی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 850 کەس دەستگیرکراون، کە نزیکەی نیوەیان کوردن.