ئەگەر بەردەوام بێت سبەینێ دەکاتە پشوو
بەفرێکى زۆر ئیدارەى سۆرانى گرتوو
964+
ئاکام غەفور-سۆران
بەفربارین لە ناوچەکانى سنوورى ئیدارەى سۆران بەردەوامى هەیە و لە ئێستادا کڕێوە دەکات، بەرپرسانیش دەڵێن، ئەگەر بەم شێوەیە بێت سبەینێ دەکاتە پشوو.
بەفرەکە لە ئێستادا کڕێوە دەکات و ئاستەنگى هاتوچۆى لەسەر رێگاى سیدەکان بۆ سۆران دروستکردووە.
بەهۆى بەفرەوە ئەمڕۆ لە سنوورى پەروەردەى قەزاى چۆمان و سیدەمان بوو بە پشوو، بە وتەى بەرپرسانى سنوورەکەش ،”ئەگەر بەفربارین بەم شێوەیە بەردەوام بێت سبەینێ لە ناوەندەکانى خوێندنى ئیدارەى سۆران دەکرێتە پشوو”.
بەیانى زوو بەهۆى دروستبوونى شەختە و بەستەڵەک رێگاى نێوان سۆران بۆ سیدەکان داخرا و دواتر کرایەوەـ بەڵام ئێستا بەفرێکى خەستى لێدەبارێت و ئاوا بڕوات رێگاکە دادەخرێتەوە.
بەهۆی ئەوەی سنووری ئیدارەى سۆران ناوچەیەکی شاخاوییە، لەگەڵ ئەوەش پشبینی دەکرێت ئەمشەو ساردترین ناوچەی کوردستان بێت، هاتووچۆی سۆران و بەرگری شارستانی سۆرانیش، داوا پە هاوڵاتیان دەکەن خۆیان بە دوربگرن لە چوون بۆ ناوچە شاخاوییەکان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح