"جارێ خۆ لەو رێگایە مەدەن"
رێگای سۆران – سیدەکان کەڵکی هاتوچۆی نەماوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
بەهۆی بەفر بارین و شەختەو بەستەڵەک لە رێگای نێوان سۆران – سیدەکان ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە، قایمقامی سیدەکانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات جارێ خۆیان لەو رێگایە نەدەن.
هەرچەندە تیمەکانی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی سۆران، بەردەوامن لە راماڵینی بەفر و خوێ پڕژاندن لەم رێگایە، بەڵام بەهۆی بەستەڵەکی زۆرەوە ئاستەنگی هاتوچۆ هەر هەیە، خوسرەت سادق بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، بە 964ـی وت، “لە بەیانی زوو تیمەکانمان لە رێگای حاجی ئۆمەران و سیدەکان بەردەوام خەریکی کارکردنن بۆ ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ”.
هاوکات ئیحسان چەلەبی قایمقامی قەزای سیدەکان وتی، “بەهۆی ئەوەی دوێنێ شەو رێگاکە بەستویەتی و بەیانی ئەمڕۆش بەفر باریوە، ئۆتۆمبێل بە ئەستەم دەتوانێ دەربچێت لە رێگای نێوان سۆران بۆ سیدەکان، هەر لە گوندی شێخانەوە تاکو دەگەیت بە سیدەکان رێگاکە یەک پارچە شەختەیە”.
دەشڵێت، رێگاکە بە جۆرێک بەستوویەتی، تەنانەت ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسلیش بەئەستەم دەردەچێت، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت ئەو رێگایە بەکارنەهێنن.
بە قسەی قایمقامی سیدەکان، تیمەکان بەردەوامن لە پاککردنەوەی رێگاکە و بۆ دوای نیوەڕۆ ئاستەنگی هاتوچۆ لەو رێگایە نامێنێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری