"تەوبەی کردووە و پەشیمان بووەتەوە"
مامۆستایەکی ئایینی دوای شەش مانگ لە دوورخستنەوەی گەڕایەوە سەر مینبەر
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
دوای شەش مانگ لە دوورخستنەوەی مامۆستایەکی ئاینیی لە مزگەوت، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف لە پارێزگای دهۆک، گەڕایەوە سەر کارەکەی.
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گەڕانەوەی مامۆستای ئایینی “زێرەڤان نێروەیی” بۆ مزگەوتی سەیدوو، زیاتر لە پێنج مامۆستای ئایینی مزگەوتەکانی دهۆک دژایەتی بڕیارەکە دەکەن و دەڵێن، داوا لە ئەوقافی گشتیی دهۆک دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات، چونکە ئەو مامۆستایە شارەزایی لە ئایینی ئیسلامـدا نییە.
مەلا هەرمان خلیل، یەکێکە لەو مامۆستایانەی دژی بڕیارەکەی ئەوقافی دهۆکە بە 964ـی وت، “بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک دەبێت بەدواداچوون بۆ پرسی گەڕانەوەی مامۆستا “زێرەڤان نێروەیی” بکات، چونکە مامۆستاکە لە بواری ئایینی، شارەزای زانستیی نییە و دەبێت پێش گەڕانەوەی، بە شێوەیەکی زانستی، وانەی ئایین بخوێنتەوە و تەوبە بکات”.
ئەمڕۆ هەینی 21.2.2025 د.ناسیح محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، “دوای ماوەیەک لە دوورخستنەوەی مامۆستای ئایینی “زێرەڤان نێروەیی”، مامۆستاکە لە قسەکانی پەشیمان بووەتەوە، بۆیە بڕیارمانداوە بگەڕێتەوە سەر مینبەر”.
بەقسەی زۆربەی ئەو مەلایانەی دژایەتی مەلا “زێرەڤان نێروەیی” دەکەن، ناوبراو لە وتارەکانی دا تەنیا پشت بە سەرچاوەی قورئان دەبەستێ و سوننەتەکانی پێغەمبەری ئیسلام (د،خ) رەتدەکاتەوە.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە جیهاد بێسفکی سەرۆکی یەکێتی زانایانی لقی دهۆک، ئەو وتی، “لە لایەن ئەوقافی گشتیی دهۆکەوە مامۆستا زێرەڤان نێروەیی لەسەر مینبەر دوورخرایەوە بەهۆی هەندێک بۆچوونی هەڵەی خۆی دەربارەی ئایینی ئیسلام، بەڵام دوای ئەوەی مامۆستاکە تەوبەی کرد و پەشیمان بووەوە، لەلایەن ئەوقافی دهۆکەوە گەڕێندرایەوە”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری
لە گوندێکی بەردەڕەش خەڵک سکاڵایان لە مامۆستایەکی ئاینی کردووە
