دیمەنی دەروازەی قەزای بەردەڕەش _وێنە: 964
داواکاری گشتی: ئەوە تاوانە
ئەوقاف ئاگادار کرایەوە؛ لە بەردەڕەش مارەیی بۆ منداڵی 11 و 12ساڵ کراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە دوای ئەوەی ژمارەیەک “سەرپێچی مارەیی” بینیوە، بە نوسراوی فەڕمی، رۆژی 19.2.2025 داواکاری گشتیی بەردەڕەش داوای لە ئەوقافی بەردەڕەش کردووە، مارەیی بۆ منداڵانی تەمەن 11 ساڵ و 12 ساڵان نەکەن.
داواکاری گشتی قەزاکە، وەک رێکار دەڵێت، ئەو مامۆستا و زانا ئاینییانە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە ئەگەر ئەو کارە بکەن.
نوسراوی دادگا بە ژمارە 40/2025 ئاڕاستە کراوە و 964 بینیوویەتی، داواکاری گشتیی بەدواداچوونیان بۆ چەند گرێبەستێکی هاوسەرگیری کردووە لە بەردەڕەش، کە بە سەرپێچی یاسایی لە لایەن مامۆستا و زانایانی ئاینییەوە واژۆیان لەسەر کراوە، کە بۆ منداڵی تەمەن 11 ساڵ و 12 ساڵ کراون.
داواکاری گشتی ئەو کارەی بە تاوان داناوە و دەڵێ، بە گوێرەی (مادەی 10/ف 5 لە یاسای باری کەسی و لە 2/2ی یاسای توندوتیژی خێزان) سزای توند بۆ ئەو جۆرە مارەیی و گرێبەستانە دانراوە، کە بۆ منداڵان دەکرێن و سزاکە مادی و بەندکردن دەگرێتەوە.
ئەو نوسراوەی داواکاری گشتی، هاوکاتە لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسی عێراق کە دەتوانرێ منداڵ لە تەمەنی 9ساڵی بەشوو بدرێ، بەڵام ئەو یاسایە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و تەمەنی رێگە پێدراو 18 ساڵییە، بۆیە داواکاری گشتی قەزاکە دەڵێ، ئەو کارانەی ئەو مامۆستا ئاینییانە ئەنجامییان داوە پێچەوانەی یاسان و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیاندا رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.