بەردەم قەڵای شاری هەولێر.وێنە.964
كێ دەڵێ كراوەتەوە؟
“بارەگای حزبی بەعس لە هەولێر نەكراوەتەوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە هیچ بارەگایەكی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە هەولێر هەبێت و سەرسامیی خۆیشی بۆ لێدوانێكی سیاسەتمەداری عێراقی ئەیاد عەللاوی دەربڕی، كە وا بڵاوكرایەوە وتوویەتی بارەگای حزبی بەعس لە هەولێر كراوەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی بۆ كەناڵی ئەلعێراقییە نیوز لێدوانی داوە و دووپاتی كردووەتەوە، حزبی بەعسی هەڵوەشاوە بە پێی یاسای عێراقی قەدەغە كراوە و ئەم قسەیەش راست نییە حزبەكە بارەگای لە هەولێر كردبێتەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیوەندیی ئێستای نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی لە بەغدا بە بەهێز وەسف كردووە و پێی وایە لە باشترین قۆناغەكانیدایە.
بارزانی رایگەیاند، هەڵە تێگەیشتنێك لە قسەكانی ئەیاد عەللاوی روویداوە و هەرێمی كوردستان پابەندە بە یاسا و دەستووری عێراق، كە حزبی بەعسی هەڵوەشاندووەتەوە و هەموو چالاكییەكی رێكخراوەیی و فیكری قەدەغە كراوە.
نێچیرڤانی بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانی بۆ كەناڵەكە دەڵێت، ئێمە و بەغدا پێویستمان بەیەكترە و ئێمە لە بونیادنانی عێراقدا هاوبەشین.
لە بارەی ئەو لێدوانەی ئەیاد عەللاوی كە بڵاوبووەتەوە، نووسینگەی ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوە دەكەن، كە قسەكانی لە لێدوانێكی قرتێندراوە و جیاكراوەتەوە، بۆیە ماناكەی بە هەڵە بڵاوبووەتەوە، لە كاتێكدا ئەو لە لێدوانەكەیدا ئەو ئیدیعایانە رەتدەكاتەوە گوایە بارەگای حزبی بەعس لە هەولێر كراوەتەوە.