"کوژراوەکە پاسەوانی سنوور بووە"
تۆمەتبارێکی شەڕەتەقەکەی گردجان دەستگیر کرا
964+
شۆڕش قادری
تۆمەتبارێکی رووداوی تەقەکردنەکەی گوندی گردجان لە دەڤەری راپەڕین دەستگیرکرا.
دەروو قادر وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە 964ـی وت، “کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025 لە گوندی گردجانی سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویدا و لە ئەنجامدا ڪەسێك بە ناوی ( س، ع، خ) لە رەگەزی نێر و لە دایڪبووی 1972 کوژرا”.
“ئەو کەسەی کوژراوە پاسەوانی سنوورە و دانیشتووی گەڕەکی کوردستان لە قەزای حاجیاوا بووە”، دەروو قادر وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە وتەی چەند شایەتحاڵێك رووداوەڪە بەهۆی ڪێشەی زەویزارەوە روویداوە و کەسێکیش بەناوی (ک، ڕ، پ) لەسەر رووداوەکە دەستگیر کراوە.
دەروو قادر وتیشی، لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر رووداوەکە بەردەوامە و ئەگەر کەسانی دیکەش دەستیان لە رووداوەکەدا هەبووبێ، دەستگیر دەکرێن.