"لە رێی گرتەی ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردووەتەوە"

هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکران

شۆڕش قادری

دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی دەستگیرکردنی هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی راگەیاند، کە لەڕێی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردووەتەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، و بە بڕیاری داواکاری گشتی، هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکرد”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتباران لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردوەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لەسەر داوای هاوڵاتیان بۆ زیاتر پاراستنی بەها کۆمەڵاتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوای بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی شوێن و ناسنامەی ئەو تۆمەتبارانەی کە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیاندا، رەفتاری دوور لە نەریت و رەوشتی کۆمەڵایەتییان بڵاودەکردووەتەوە،  دەستگیرکراون و ڕووبەڕوی یاسا کراونەتەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی دەشڵێت، “لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، بەپێی یاسا و بە بڕیاری دادوەر رووبەڕووی خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینەوە، لەپێناو تێکنەدانی شیرازەی کۆمەڵگا”.